م-سیروان شێخ حاجی مزووری
چی بكەین تا خۆشەویستی قوتابخانە لە ناخی قوتابیدا دروست بكەین لەقۆناغی سەرەتاییدا؟
گرنگە لەدەستپێكی پڕۆسەی خوێندندا لە ئاستی بنەڕەتیدا لە پۆلی یەكەمی سەرتایی، مامۆستا و كەسوكاری قوتابی خۆشەویستی خوێندن و قوتابخانە لە لای قوتابی دروست بكەن و وەك ماڵی دووەمی خۆیان سەیری بكەن، بۆیە پێویستە لە یەكەم رۆژی هاتنی قوتابی بۆ قوتابخانە بە جوانترین شێوە پێشوازی لێبكرێت و ئامانج لە هاتنی قوتابی بۆ قوتابخانە بۆی روون بكرێتەوە بۆ ئەوەی قوتابی زووتر ئامانجێك بۆخۆی دیاری بكات، هەروەها دەبێت وا بكەین قوتابی بەحەزكردنەوە لە قوتابخانە بمێنێتەوە، چونكە زۆربەی قوتابیان لە دەستپێكی یەكەم رۆژی هاتنیان بۆ قوتابخانە هەست بەخۆشی دەكەن، قوتابیش هەیە هەست بەترس و دڵەڕاوكێ دەكات نایەوێت دایك یان باوكی لێی دوربكەونەوە، بەڵكو دەیەوێ هەر لەگەلیدابێت لەناو قوتابخانە و تەنانەت لە ناو پۆلیشدا.
بۆ چارەسەركردنی ئەم گرفتانەی رووبەرووی قوتابی دەبێتەوە لە سەرتای هاتنی بۆ قوتابخانە، دەبێت دایك و باوكی قوتابی هاوكاریان بن، ئەویش بە دەستپێكی هاتنی بۆ قوتابخانە بەچەند وشەیەكی جوان و دڵخۆشی دەربڕین بۆ منداڵەكانیان و دروستكردنی ورە لە لایەن و ڕەواندنەوەی ترس و دڵە ڕاوكێ، وەك ئەوەی چۆن لە كاتی باخچەی ساوان بۆ منداڵەكانیان دەكرد، بەڵام قوتابخانە جیاواز ترە لە باخچەی ساوایان، بەوەی قوتابخانە گەورەترە و ژمارەی قوتابیان زیاترە و قۆناغی جیاجیای پۆلەكان دەبینێت و قوتابی گەورەتر لەخۆی بەرچاو دەكەوێت، لێرەشدا كاریگەری قوتابیانی لەسەر هەڵسوكەوتی رەنگدەداتەوە بە پێی تێپەڕبوونی كات.
لێرەدا پێویستە مامۆستایان رۆڵێكی كارامەیی بگێرن بۆ ئەوەی خۆشەویستی قوتابی بۆ قوتابخانە و خۆشەویستی مامۆستا بۆ قوتابی لە دەستپێكی ساڵ روون بكەنەوە، ئەویش بەپێی ئەم خاڵانەی خوارەوە:
۱. پێشوازی كردن لە قوتابیانی پۆلی یەكەمی بنەڕەتی بە شێوە ئاهەنگ و چەپڵەڕێزان و دابەشكردنی شرینەمەنی شرینەمەنی بەسەریاندا.
۲. ناساندنی قوتابخانە بەقوتابیان لە رووی بینایەوە، وەك ژوورەكانی قوتابخانە و پۆلەكان و ئیدارەو باخچە و گۆڕەپان و ژووری مامۆستایان و فرۆشگا و (w.c).
۳. بردنی قوتابی بۆ پۆلەكەی و ئاشناكردنی لە رووی دانیشتن و یاساكانی ناو پۆل، وەك گوێ گرتن و پاك راگرتنی ناو پۆڵ و هەستان و دانیشتن لە كاتی هاتنی مامۆستا و بەرێوەبەر بۆ ناوپۆڵ.
٤. فێركردنی قوتابی لە ڕووی پاكو خاوێنی و پاراستنی ژینگە و فرێنەدانی پاشماوەكانی لە ناو پۆل و دەرەوەی پۆل و گۆڕەپان، بەڵكو پێویستە قوتابی رابهێنرێت لەوەی پاشماوەكەی فرێ بداتە ناو زەبالە یان شوێنی تایبەت بە زبڵ و خاشاك كە بۆی دیاری كراوە.
بۆیە ئەگەر بمانەوێت قوتابی خۆشەویستی بەرامبەر بە قوتابخانە و مامۆستایان هەبێت، دەبێت لەدەست پێكی قۆناغی خوێندن هەوڵ و ماندووبوونی خۆمان وەگەڕ بخەین بۆ ئەوەی نەوەیەكی سەركەوتوو و رۆشنبیر و تەندروست و ناخ پاك بەرهەم بێنین كە ئینتیما و خۆشەویستی بۆ دایك و باوك و مامۆستاكانی و دواجار كۆمەڵگە بەگشتی هەبێت و رێز لە نەتەوەی خۆی بگرێت و ئاڵای كوردستانی لە لا خۆشەویست و پیرۆز بێت.