ئیسماعیل ئیبراهیم
بە خۆپیشاندان و هات و هاوار بۆ غەززە و فلستین هیچ لە بابەتەكە ناگۆڕێت، سەد خۆپیشاندان لە هەر سویجێكی ئەم جیهانە بە كوردستانیشەوە بۆ غەززە بكرێت، برینی منداڵ، دایك، باوكێك لە غەززە سارێژ نابێ، هێزەكانی ئیسرائیلیش یەك بست ناكشێنەوە، هەر فشەشیان بەو هاتو هاوارانە دێت.
سەردەمی هەڵخەڵەتاندنی خەڵكیش كۆتایی هاتووە، بۆیە موزائیداتی سیاسیش ئیتر باوی نەما، بە تایبەتی لەم بابەتانەوە.
پێویستە حكومەتی هەرێمی كوردستان هەموو جۆرە ئاسانكارییەك بۆ ئەو كەسانە بكات كە لە میدیاكانەوە بانگەشەی چوونە غەززە دەكەن، یا هانی خەڵك دەدەن بچنە غەززە تا بە ئاسانترین شێوە و رێگە بگەنە غەززە. بزانین چی لە بابەتەكە دەگۆڕن.
ئەم كێشەیە دەیان ساڵە هەیە و خەڵكی لەسەر بكوشتن دەدەن، یارییەكی مەزنی وڵاتانی زلهێزی جیهانییە كە بەرژەوەندی ئابووری زەبەڵاحیان پێكەوە دەبەستێتەوە، نەك 4 هەزار فلستینی و دوو هەزار ئیسرائیلی، بەڵكو 50 هەزار كەسیشی لەسەر بكوژرێت تەقەی سەریان دێت.
مەگەر 182 هەزار كورد ئەنفال نەكران، 5 هەزار بە كیمیاباران شەهید نەبوون، 4500 گوند نەرووخێندران كە هەموو گوندەكان مزگەوتی تێدا بوو، هەر مزگەوتێكیش لایەنی كم 10 قورئانی پیرۆزی تێدا بوو، كام وڵات هێزی هێنا و كێ ئامادە بوو لە پێناو كوردی موسلمان بێتە كوردستان و جیهاد بكات.
بەڵام كاتێ بەرژەوەندی وڵاتان لە كاتی داگیر كردنی كوێت كەوتنە مەترسی، رژێمی بەعسیان لە دەستەڵات نەهێشت.
بەشار ئەسەد كم خەڵكی وڵاتی خۆی كوشت، چەندین ملیۆن سوری لە ناوەوەی وڵات و دەرەوە ئاوارە بوونە، سەدان هەزار كەس كوژراوە، بۆ چی نیوەی جیهان بەرگری لێ دەكەن و نیوەكەی دیكە دژی دەوەستنەوە، بە دڵنیاییەوە تەنها بابەتەكە بەرژەوەندی ئابووری و بەرفراوانتر كردنی هەژموونگەرایی وڵاتانی زڵهێزە، نەك مافی مرۆڤ.
توركیا بۆ غەززە دەگریەت، بەڵام لە ناوەخۆیدا خەڵك دەكوژێت و هەمان رەفتار كە ئیسرایلییەكان لەگەڵ غەززە دەكەن ئەویش بە رۆژئاوای كوردستانی دەكات، كەچی خۆی بەحەق و ئیسرائیل بە داگیركەر دەزانێت.
ئێران رۆژانە خەڵك لە سێدارە دەدات و 85 ملیۆن مرۆڤی برسی و تێنو كردووە، پارەكەی دەنێرێتە یەمەن، لیبیا، سوریە، لوبنان، فلستین و عێراق، كەچی خۆی پێ رەوایە.
بۆیە ئەوەی هات و هاور بۆ غەززە دەكات، خەریكی وەبەرهێنانی سیاسی، ئایدۆلۆژی ، ئابووری و هەژموونگەرایین، كە دەشێ ئەو كەسانە عەلی باپیر بێت، یا خامنەیی.