مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ڕاگەیاند سەرەتای مانگی داهاتوو بانگەشەی هەڵبژاردنی پارێزگاكان دەستپێدەكات و بۆ ئەم مەبەستەش بانگهێشتنامە بۆ ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان نێردراوە.
د. عیماد جەمیل، سەرۆكی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی عێراقی ڕاگەیاند “كۆمیسیۆن لە سەرەتای مانگی داهاتوودا، ناوی كاندیدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكان پەسەند دەكات و دوای ئەوەش بانگەشەی هەڵبژاردن لە سەرتاسەری پارێزگاكان دەستپێدەكات،”
دەشڵێت “كۆمیسیۆن بانگهێشتنامەی بۆ نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان ناردووە كە ئارەزووی كاروباری هەڵبژاردنەكانیان هەیە،”
سەرۆكی تیمی ڕاگەیاندنی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق لە بارەی سەرپێچیكردنی كاندیدان دەڵێ “كۆمیسیۆن 906 تیمی چاودێری هەیە و غەرامەكردنی دارایی بەسەر كاندیدی سەرپێچیكاردا دەسەپێنرێت و لە ئەگەری وەڵامنەدانەوەیدا ئەو بڕە دوو هێندە زیاد دەكرێت.”