موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی:
گەنجێكی دانیشتووی سەنتەری شاری سۆران، كتێبێكی بە ناوی ” كورد وێب ” لە بوارەكانی كۆمپیۆتەر بە گشتی و ماڵپەر ” وێب سایت ” بڵاو كردۆتەوە .
محەمەد مەحموود، مامۆستای پەیمانگای سۆرانە و نوسەری كتێبی ” كورد وێب ” بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” لە ئەنجامی هەست كردن بەكەمی سەرچاوە كوردیەكان لە نێو كتێبخانەی كوردی لە بواری كۆمپیۆتەر و سود گەیاندن بە فێرخوازان و ئارەزوومەندانی بواری كۆمپیۆتەر ئەم كتێبەم بڵاو كردەوە، كە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كتێبخانە گشتیەكانی هەرێمی كوردستان ژمارە سپاردنی بە ژمارە ” 527 “پێدراوە.
زیاتر گووتی:” لە سەرەتای ئەمساڵ كتێبێكەم بە ناوی ” كورد وێب ” كەوتە بەر دەستی خوێنەران، كە خۆی لە بوارەكانی كۆمپیۆتەر بە گشتی و بواری ماڵپەر ” وێب سایت ” بەتایبەتی دەبینێتەوە، ئامانجیشم لێی سود گەیاندن بە فێرخوازانی كۆمپیۆتەر و ئارەزوومەەندانی ئەو بوارە و خزمەتێك بووە بە كتێبخانەی كوردی.
ناشی شارێتەوە، ئەو زانیارییانەی لە ماوەی چەند ساڵێكی خوێندنی زانكۆ و وەرگرتنی كۆرسی دەرەكی فێریان بووم، توانیومە بە شێوەیەكی ئەكادیمی و زانستی لە چوارچێوەی كتێبێكدا كۆبكەمەوە و بڵاوی بكەمەوە، هیوادارم سودی هەبێت”.
مامۆستا محەمەد، دووپاتی كردەوە، کتێبەکە دەکرێت ببێتە یارمەتیدەرێکی زۆر باشی قوتابی و مامۆستایانی پەیمانگە و زانکۆکانی کوردستان، چونکە هەموو ئەو بابەتانەی تێدا باسکراوە کە لو سیستەمی خوێندندا دەخوێنرێن و گرنگی تەواویان پێدراوە بۆیە مامۆستاکان دەتوانن کتێبەکە بدەن بە قوتابیەکانیان وەکو سەرچاوەی دەرەکی تاوەکو بابەتەكەیان دەوڵەمەندتر بکەن و ئاستی زانستی قوتابیەکانیان زیاتر بەرەو پێش ببەن”.
گووتیشی:” لە بواری پەرەپێدانی ماڵپەڕ لە ئێستادا لە هەموو جیهان و كوردستانیش یەكێكە لە گرنگترین بوارەكانی كۆمپیۆتەر، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش كار لەسەر بە سیستەم كردنی دام و دەزگاكان و ڕای كردنی كار و بارەكان بە شێوەی دیجیتاڵی دەكات، لەم كتێبە باسی لێوەكراوە و زانیاری وردی تێدایە”.