مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هاووڵاتییانی قەزای ڕواندز گلەیی لە نەبوونی ئێشكگری شەوانەی دەرمانخانەكانی شار دەكەن، بە تایبەت لە دوای كاتژمێر 12 ی شەو، یەكێك لە خاوەن دەرمانخانەكان پشتڕاستی دەكاتەوە كە دوای كاتژمێر 11 ی شەو، دەرگای زۆربەی دەرمانخانەكان دادەخرێن و هیچ ئێشكگرییەكی شەوانە نییە، بەرپرسێكی تەندروستی لە شارەكە دەڵێ پێشتر خشتەی ئێشكگریمان بۆ دانابوون، بەڵام لە ناوخۆیان كێشەیان هەبوو، بۆیە خشتەكە كۆتایی هات و ئەوانیش ئازادن دەرمانخانەكانیان دوای كاتژمێر 12 ی شەو دەكەنەوە یان نا.
لە نێو سەنتەری شاری ڕواندز 12 دەرمانخانە هەن، بەڵام دوای كاتژمێر 12 هیچ دەرمانخانەیەك نابینییەوە كراوە بێت، ئەمە قسەی یەكێك لە دانیشتووانی شاری ڕواندزە، داواكارە لە ئیدارەی شارەكە بەدواداچوون بۆ ئەو كێشەیە بكەن و دەڵێ “چۆن دەبێت لە شارێكدا دەرمانخانەی ئێشكگری شەوانەی نەبێت ؟”
خاوەنی یەكێك لە دەرمانخانەكانی شاری ڕواندز كە حەزی نەكرد ناوی بڵاو بكرێتەوە، كێشەكە بۆ ئیدارە و سەندیكای تەندروستی دەگەڕێنێتەوە و پێی وایە ئەوان هۆكارن كە دەرمانخانەكان ئێشكگری شەوانەیان نەبێت و دەڵێ “كێشەكە یەكەم لە سەندیكای تەندروستی و دووەم لە ئيدارهى شارەكەیە، سەندیكا لە ڕووی یاسایەوە هەڵسوكەوت لەگەڵ ئێمە دەكات و دەڵێ مۆڵەتمان داوە بە ئێوە، دوای دەوامی فەرمییە، واتا لە كاتژمێر یەكی دوای نیوەڕۆ بەرەو سەرەوە بۆمان هەیە دەرگای دەرمانخانەكان بكەینەوە، بەڵام سەندیكا كاتەكەی دیار نەكردووە كە بڵێ ئێشكگری، لێرە كاری سەندیكا تەواو دەبێت، ئەوەی دووەم ئيدارهيه دەتوانێت بەیانی هەر هەموو دەرمانخانەكان كۆ بكاتەوە و خشتەی ئێشكگری ڕۆژانەیان بۆ دیار بكات، ئەو كات تەواوی دەرمانخانەكان پابەندی خشتەكە دەبن و ناچارن ئێشكگری خۆیان جێ بەجێبكەن، ئەو كێشەیەش كۆتایی پێ دێت.”
ئیبراهیم خەلیل بەرپرسی نووسینگەی ڕواندزی كارمەندی تەندروستی كوردستان لەم بارەیەوە دەڵێ “لە یاسای سەندیكا، لە كاتی دەوامی فەرمی دەرمانخانەكان نابێت بەیانیان بكرێنەوە، تەنیا ئەوانە نەبێت كە خانەنشینكراون ئەوان مافی كردنەوەی دەرمانخانەكانیان پێ دراوە، بۆ كاتەكانی تریش خاوەن دەرمانخانەكان ئازادن تاكەی لە دەرمانخانەكان دەمێننەوە، ئێمە هیچ كێشەیەكمان نییە لەو ڕووەوە،”
ئیبراهیم ئاشكراشی دەكات پێشتر خشتەیی ئێشكگری بۆ دەرمانخانەكان دانرابوو، بەڵام سەركەوتوو نەبوو و دەڵێ “پێشتر خشتەی ئێشكگریمان بۆ دانان، بەڵام دواتر ئەوان تێك نەحەوانەوە، بۆیە خشتەكەمان كۆتایپێهێناو و و پێمان گووتن یاسای سەندیكا چی یە ئەوە پەیڕەو دەكەین.”