مورشید برادۆستی – زاری كرمانجی :
كابینەی نۆیەمی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە مەبەستی ئاسانكاری بۆ هاووڵاتییان و شۆڕكردنەوەی دەسەڵاتە كارگێڕییەكان، لە ماوەی ڕابردوو چەند قەزا و ناحیەكی نوێی هێنایە كایەوە و لەم دوایانەشدا، خەلیفان كرایە قەزا و گوندی سرێشمەش كرایە ناحیە، قائیمقامی قەزاكە زانیاری لەسەر كردنەوەی چەند بەڕێوەبەرایەتییەك ئاشكرا دەكات .
مەغدید عەریف ئەحمەد قائیمقامی قەزای خەلیفان بەزاری كرمانجی ڕاگەیاند:” دوای دەرچونی فەرمانی بە قەزا بوونی خەلیفان، لە ڕێكەوتی 2 – 8 -2023، فەرمانی كارگێڕیەكان تەواو كرا و وەكو قەزا كاروباری هاووڵاتییان ڕایدەكەین، لە ئێستاشدا كار لەسەر ئەوە دەكەین ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی پێویستن بكرێنەوە و هەنگاوەكان بۆ ئەو مەبەستە بەردەوامییان هەیە .
قائیمقامی قەزای خەلیفان، دەڵێت:” هەوڵ دەدەین لە ماوەیەكی نزیكدا هەریەك لە بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە، تەندروستی، نوسینگەی بەرنگاربوونەوەی توندو و تیژی دژی ئافرەتان و خێزان، نەهێشتنی تاوان، بەڕێوەبەرایەتی بەشی پۆلیس بكەینەوە و ناونیشانی شارەوانی و پۆلیسی هاتووچۆی خەلیفان بگۆڕین و دەسەڵاتی زیاتریان پێدەدرێت .
لە بارەی سرێشمە، قائیمقامی قەزای خەلیفان، گووتی:” لە ماوەیەكی نزیكدا، بەڕێوەبەرێك بۆ ناحیەی سرێشمە دیاری دەكرێت، لە هەمان كات سەرقاڵی دیاری كردنی شوێنێكین وەك باڵەخانەی ناحیە بۆ ڕای كردنی كار و بارەكان.
قەزای خەلیفان لە ڕووی كارگێڕییەوە سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە و شەشەمین قەزای ناوچەكەیە، خاوەنی 62 گوندە و ڕێژەی دانیشتوانانی سەرووی 40 هەزار كەسە.