سەرۆكایەتیی ئەركانی وەزارەتی پێشمەرگە لەبارەی رووداوەكەی ئێوارەی دوێنێی قەرەچووغ، روونكردنەوەی بڵاو كردەوە و رای گەیاند، ئێمە پابەندبوونمان بۆ كاركردن لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی دووپات دەكەینەوە لە پێناو چارەسەرێكی ریشەیی و بەردەوام كە ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری عێراق بەدی بهێنێت.
ئەمڕۆ دووشەم 23ـی تشرینی یەكەم، لە راگەیەنراوێكی سەرۆكایەتیی ئەركانی پێشمەرگەدا هاتووە، بەداخەوە دوێنێ یەكشەم رووداوێكی ناخۆش لە ناوچەی مەخموور رووی دا، لە ئەنجامدا شەهید و برینداربوونی لە هەردوولا لێ كەوتەوە.
سەرۆكایەتیی ئەركانی پێشمەرگە لە راگەیەنراوەكەیدا دەڵێت، سەرەخۆشی و هاوخەمیی قووڵی خۆمان ئاراستەی كەسوكاری قوربانیان دەكەین و هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ بریندارەكان دەخوازین.
ئەوەیش هاتووە، ئێمە پابەندبوونمان بۆ كاركردن لەگەڵ حكوومەتی فیدراڵی دووپات دەكەینەوە، لە پێناو چارەسەرێكی ریشەیی و بەردەوام كە ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری عێراق بەدی بهێنێت.
لە كۆتایی راگەیەنراوەكەدا هاتووە، پشتیوانیی خۆشمان دەردەبڕین بۆ ناوەڕۆكی راگەیەنراوەكەی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان بۆ ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی خێرا و شەفاف لە رووداوەكە، بۆ دیاریكردنی هۆكارەكان و دۆزینەوەی رێچارەی گونجاو بۆ جێگیركردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەكەدا.