دوێنێ یەكشەممە بەرواری ٢٢-١٠-٢٠٢٣ یەكێتی مامۆستایانی كوردستان لە بارەگای مەكتەبی سكرتاریەت كۆبوونەوەی ئاسایی مانگانەی خۆی ساز كرد و بڕیاریاندا یاداشتێك لە بارەی دۆخی مامۆستایان خوێندن بە ئەنجوومەنی وەزیران بنێرن.
بە پێی بڵاوكراوەی یەكێتی مامۆستایان لە كۆبوونەوەی دوێنێ، “كۆمەڵێ تەوەری گرنگ سەبارەت بەرەوشی ئێستای پەروەردە تاوتوێ كرا و جەخت كرایەوە لەسەر یەك گوتاری یەكێتی مامۆستایان، هەروەها ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن و نوێكردنەوەی ئەندامێتی مامۆستایان كەوا بڕیارە لە مانگی ١٢ەی ئەمساڵ هەڵبژاردن بەرێوەبچێت. جگە لەمەش باس لە گرنگترین چاڵاكییەكانی یەكێتی مامۆستایان كرا، سەرەڕای ئەمەش بەتێروتەسەلی باس لە كێشەو گرفتەكانی بەردەم پرۆسەی خوێندن و رەوشی مامۆستایان و دواكەوتنی مووچە و بایكۆتكردنی دەوامی خوێندن كرا.”
هەر لە كۆبوونەوەكە بریادراوە “یاداشتێك بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز بكرێتەوە كە خۆی لە چوار خاڵ دەبینێت لەوانە بۆ چارەسەركردنی بایكۆت بەزووترین كات مووچەی مانگی هەشت دابەش بكرێت، وهەروەها وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە ریزبەندی پێشەوەی لیستی مووچە دابنرێت، هەروەها دەستپێكردنی پلەبەرزكردنەوەی مامۆستایان و چارەسەركردنی كێشەی مامۆستایانی وانەبێژ بە دامەزراندن یاخود بە گرێبەست كردن لەگەڵیان”..
لەكۆتایی ئەم كۆبوونەوەدا بڕیاردرا ” هەفتەی داهاتوو لیستەكانی هەڵبژاردن ئاشكرا بكرێت و ژمارەی نوێنەرانی كۆنگرە دیاری بكرێت كە هەر سنوورێك ١٢ بازنە لەخۆی دەگرێت و هەر بازنەیەك بەپێی ئەندامبوونی مامۆستایان دیاری بكرێت”.