جەبار حسێن – گەرەوان :
ئەمڕۆ یەكشەممە 22ی تشرینی یەكەمی 2023، لە گوندی گەرەوان ی قەزای ڕواندز، لە كاتی هەڵكەندنی زەوی بە مەبەستی دروستكردنی بینایی بنكەی تەندروستی گوندەكە، لە قووڵایی سێ مەتر لە ناخی زەوی، گۆڕێكی نامۆ لەناو گۆزەیەكی گڵیندا دۆزرایەوە، بەگوێرەی لێكۆڵینەوەكان و شێوازی ناشتنەكەی، مێژووەكەی زۆر كۆنە دەگەڕێتەوە بۆ ٣٣٠٠ ساڵ پێش زایین.
بەپێی گۆتەی شارەزایانی شوێنەوارناسی (ئەم شێوە ناشتنە لە باوەڕی ئەوسا دا وا بووە مرۆڤ لەوێدا زیندوو دەبێتەوە. شێوازەكەش زیاتر تایبەت بە منداڵان و كۆرپەكان بووە، بۆیە تابووتەكەیان لە شێوەی ڕەحمی دایك بەشێوەی هێلكەیی دروست كردووە، وەك چۆن كۆرپە لەناو سكی دایكدا هەست بە ئارامی دەكات و ژیانێكی تایبەتی هەیە، لەناو ئەو گۆزەیەشدا كە زیندوو بووەوە شوێنێكی ئارامی هەبێت و بتوانێت درێژە بە ژیان بدا.)
هاووڵاتییانی گوندی گەرەوان قسەیەكی كۆنی باب و باپیرانی خۆیان بیر زاری كرمانجی دەهێننەوە كە گوتوویانە : “دونیا هێندە كۆنە، ناتوانیت پشتڕاستی بكەیتەوە لەسەر بەرزترین لووتكەی چیا دەرگای ماڵێك نەجووڵابێت.”
بۆیە دانیشتووانی گوندی گەرەوان دڵخۆشن كە ژیان چەندین سەدەیە لە گوندەكەی ئەوان بەردەوامی هەبووە.


