زاری كرمانجی-سۆران:
وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەو کابینەیەدا زیاتر لە 51 هەزار سەرپێچی بۆ سەر تۆڕەکانی کارەبا کراون، سەرپێچیکارەکانیش بە زیاتر لە 11 ملیار دینار سزا دراون. وەزارەتەکە دەشڵێت، لە هەرێمی کوردستان 4250 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت و ژێرخانی بەرهەمهێنانیش دەگاتە 7400 مێگاوات.
وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان لە راپۆرتێکدا چەندین ژمارەی لەبارەی پڕۆژەکانی وەزارەت، بەرهەمهێنان، گواستنەوە، دابەشکردنی کارەبا، سەرپێچیی سەر تۆڕەکانی کارەبا لەو کابینەیەدا بڵاوکردەوە.
بەپێی وەزارەتەکە، لە هەرێمی کوردستان لەڕێگەی 15 وێستگەی بەرهەمهێنانەوە 4250 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێندرێت، ژێرخانی بەرهەمهێنانی کارەباش 7400 مێگاوات دەبێت، لە کابینەی نۆیەمدا سێ وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا زیاد کراون، ئەوانیش:
- وێستگەی گاز تۆڕباینی بازیان بە توانای 500 مێگاوات.
- وێستگەی 29 مێگاوات (هەولێر و سلێمانی و دهۆک).
- وێستگەی 300 مێگاواتی هەڵمی خەبات.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، لە چوار ساڵی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا 2201 پڕۆژەی کارەبا بە تێچووی 171 ملیار دینار لە هەر چوار پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان جێبەجێ کراون:
- هەولێر و سۆران: 546 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 83 ملیار دینار
- سلێمانی و راپەڕین، 1145 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 68 ملیار و 500 ملیۆن دینار
- دهۆک و زاخۆ: 326 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 14 ملیار و 840 ملیۆن دینار
- هەڵەبجە: 143 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە دوو ملیار و 83 ملیۆن دینار
- گەرمیان: 41 پڕۆژە بە گوژمەی زیاتر لە 2 ملیار و 592 ملیۆن دینار
هەروەها وەزارەتی کارەبا لە راپۆرتەکەیدا دەڵێت، بەهۆی پێوەری زیرەکەوە رێژەی سووتانی بگۆڕەکانی کارەبا لە 3%وە بۆ 1.5% کەمبووەتەوە. ئەوەشی خستووەتەڕوو، “لە ساڵی 2019دا لە کۆی 49 هەزار و 61 بگۆڕ، 1487 بگۆڕ سووتاون، بەڵام لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2023دا لە کۆی 57441 بگۆڕ، تەنیا 837 بگۆڕ سووتاون.”
سەبارەت بە پێبژاردن و سزادانی ئەو هاوبەشانەی سەرپێچییان کردووە، وەزارەتی کارەبا دەڵێت، “ژمارەی ئەو هاوبەشانەی لە کابینەی نۆیەمدا سەرپێچییان کردووە، گەیشتووەتە 51 هەزار و 34 هاوبەش، کە سەرجەمیان بە بڕی 11 ملیار و 291 ملیۆن و 877 هەزار دینار سزا دراون.”
لەبارەی پێوەری زیرەکیشەوە، وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوە کردووە، 1 ملیۆن و 825 هەزار و 253 هاوبەشی کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا هەن، 1 ملیۆن و 345 هەزار و 75 هاوبەشیان پێوەری زیرەکیان بۆ بەستراوە، واتە بە رێژەی 73.7%.
هەر بە گوێرەی راپۆرتەکە سیستمی پریپەید بۆ 40 هەزار هاوبەشی کارەبا لە 24 پڕۆژەی نیشتەجێبوون و سێ بازاڕ دانراوە، بەهۆیەوە 330 موەلیدەی ئەهلی هەڵگیراون.
هەرچی پەیوەندیی بە پێدانی کارەباوە هەیە لە ماوەی ساڵی 2018 تاوەکو کۆتایی مانگی تەممووزی 2023، وەزارەتی کارەبا بەم شێوەیە روونیکردووەتەوە:
- ساڵی 2018: 14 کاژێر
- ساڵی 2019: 16 کاژێر و 30 خولەک
- ساڵی 2020: 17 کاژێر
- ساڵی 2021: 17 کاژێر
- ساڵی 2022: 15 کاژێر
- حەوت مانگی یەکەمی ساڵی 2023: 16 کاژێر و 30 خولەک