د. ئازا – زاری كرمانجی:
كاسبكارێكی دانیشتووی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: چەندین ساڵە تێبینی ئەوەمان كردووە جۆری غازەكەمان بە گشتی زۆر خراپە، بەتایبەت لەم ماوەیەی دوایی كە بە كەڵكی هیچ شتێك نایێت و جگە لە كەمی كێشی بوتڵی غازەكان، چەندین كێشەی تر لە لاوازی كوالێتی و خراپی جۆری غاز و تێكچوونی سەری بوتڵەكان بەرۆكی ئێمەی كاسبكار و خەڵكی ئەو سنوورەی گرتووە.
ئەو كاسبكارە، دەشڵێت: بوتڵەكان بەردەوام غازیان لێ دەڕوات و كۆمپانیاكان سەری بوتڵەكان بە باشی نۆژەن و چاك ناكەنەوە كە ئەمەش هۆكارە بۆ ڕۆیشتنی غاز و سەلامەت نەبوونیان بۆ هاونیشتیمانیان.
زكری محەممەد مستەفا، بەڕێوەبەری كارگەی غازی دیانا، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: بوتڵەكانی كۆن لە كارگەی غاز پڕ ناكرێنەوە، هەروەها ئێمە لە كارگەی غاز بەشی چاككردنەوەما هەیە، تەواوی بوتڵە كۆنبووەكان نوێ دەكرێنەوە، بەوەش ئەو كێشەیە نامێنێت.
بەڕێوەبەری كارگەی غازی دیانا، دەشڵێ: گرفتی كەمی غاز هەیە، بەڵام ئەم گرفتە بەهۆی زۆری خواستە لەسەری، بەتایبەتی لە وەرزی سەرما.