مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەرهەمهێنانی لەزگەیەكی گواستنەوەی دەرمانە پێویستەكان بە ئەندامەكانی جەستە، دەرزی و كانۆلا خانەنشین دەكات و زانایانی پزیشكی مژدە بەو كەسانە دەدەن كە فۆبیای دەرزی لێدانیان هەیە و پێیان دەڵێن دڵخۆش بن .
لە نوێترین داهێنانی پزیشكیدا جۆرە لەزگەیەكی پزیشكی بەرهەمهێنراوە كە هەڵدەستێت بە گواستنەوەی دەرمانە پێویستەكان بە ئەندامەكانی جەستە بەپێ گواستنەوەی لە ڕێگەی دەرزی و كانۆلاوە.
ڕۆژنامەی The Network Times ی ئەمریكی، بڵاوی كردەوە كە هەریەكە لە كۆمپانیاكانی EPSRC وAbbott Diabetes Care ، پەرەیان بە ئامێرێكی پزیشكی داوە كە لە شێوەی لەزگەیە و لەو ڕێگایەوە تەواوی دەرمانە پزیشكییەكان بە بەشەكانی ناوەوەی جەستە دەگەیەنێت.
لەزگەكە هەر وەكوو توێژەرانی تەندروستی باسی دەكەن وەكوو پەچەیەكی سۆنەرە و دەتوانرێت لەبەر بكرێت و وەیان لەسەر پیست دابنرێت و شەپۆلی سۆنەری بێ ئازار دەخاتە سەر پێست و لەو ڕێگەیەوە دەرمان دەگەیەنێتە جەستە .
زانایانی پزیشكی بەو هیوایەن كە لە پێنج بۆ 10 ساڵی داهاتوودا ئەم لەزگەیە خزمەت بە نەخۆش و پزیشكان بكات و ئەو كەسانەی بەدەست فۆبیای دەرزی لێدانەوە دەناڵێنن ڕزگار بكات.