مامۆستایەك : بایكۆت چارەسەر نییە، تەنها قوتابییان زیان دەكەن.
” پڕ بەدڵ سوپاسی مامۆستایانی سۆران دەكەم، كە وێرای بوونی كێشەی مووچە، بەڵام وەك هەندێك شار و شارۆچكەی دیكەی كوردستان بایكۆتیان نەكردووە و نەیانهێشت قوتابیانمان لە خوێندن دوا بكەون” ئەمە قسەی هاووڵاتی ئەحمەد جادرە دانیشتووی شاری سۆرانە كە 3 قوتابی هەیە، وەك خۆی گووتی ” ئێمە زۆر باش لە دۆخی مامۆستایان تێدەگەین، كە بەهۆی نەبوونی مووچەوە بارودۆخی ژیان و گوزەرانیان باش نییە، بەڵام بەردەوام بوونە لە وانە گووتنەوە بە قوتابییان و هەستیان بە بەرپرسیارییەت كردووە”.
ئەم هاووڵاتییە نموونەی سەدان هاووڵاتی دیكەی سنووری ئیدارەی سۆران كە سوپاسی هەڵوێستی مامۆستایان دەكەن، بە هۆی كردنەوەی دەرگای قوتابخانەكان و نەكەوتنە ژێر كاریگەری هیچ تەوژمێكەوە.
بەهار ساڵح، مامۆستایەكی سنووری پەروەردەی قەزای رواندزە، ئەو وێڕای ئەوەی بەخۆشی مامۆستایە لە هەمانكاتیشدا 4 لە منداڵەكانی قوتابین، ئەو بۆ زاری كرمانجی گووتی ” ئێمە باش دەزانین كە بە بایكۆت كردن و نەچوونە قوتابخانە و دروستكردنی بەربەست بۆ پرۆسەی خوێندن كێشەی مووچە چارەسەر نابێت، لەبەر ئەوەی، ئەم دۆخەی ئەمڕۆ بەسەر مووچەخۆرانەوە هاتووە، یەكەم بە دەستی حكومەتی هەرێم نییە، دووهەم هەموو وەزارەتەكانی گرتۆتەوە، سێهەم كێشەكە لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە دۆخی سیاسییەوە هەیە، كە حكومەتی ناوەندی بە مەبەستی سیاسی و لاواز كردنی كیانی هەرێمی كوردستان لە ئاست ئێمەی مووچەخۆر گرتوویەتەبەر”.
ئەم مامۆستا زیاتر گووتی ” بە پێی بەدواداچوونەكانی شاندی حكومەتی هەرێم و ئەو دانوساندنانەی لەگەڵ بەغدا كراوە، ئەم كێشەیە لە ماوەیەكی نزیك كۆتایی پێ دێت، ئەوەی زیان دەكات، قوتابییانی كوردستانن، مامۆستاكان مووچەكانیان بۆ سەرف دەكرێتەوە، هەمووشتەكان ئاسایی دەبنەوە، بەڵام بایكۆت چارەسەر نییە، وەك ئەوەی لە رابردوو چارەسەر نەبووە”.