مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لووتكەی ئاشتی قاهیرەی نێوان سەركردەكانی وڵاتانی عەرەبی و بەرپرسانی ئەورووپایی سەبارەت بە بارودۆخی غەززە و جهنگى نێوان ئيسرائيل و حهماس، بە هۆی بوونی ناكۆكی نێوان سەركردەكان بە بێ ئەنجام كۆتایی هات.
دوێنێ شەممە 21ی تشرینی یەكەمی 2023، لەسەر بانگهێشتی عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر، چەندین وڵات بەشدارییان لە لووتكەی قاهیرە كرد كە تایبەت بوو بە قەیرانی غەززە و جەنگی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، ئیسرائیل یەكێك بوو لە بەشداربووانی لووتكەكە و هەر یەك لە جەزائیر و توونس ڕەتیانكردبووە بەشداری لە لووتكەی قاهیرە بكەن.
نوێنەرانی وڵاتانی عەرەبی و بەرپرسانی ئەورووپایی لە كۆبوونەوەی لووتكەی قاهیرە، هەڵوێستی وڵاتەكانیان لەسەر جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس و بارودۆخی غەززە خستە ڕوو.
ناوەڕۆكی وتاری زۆری سەركردەكانی وڵاتانی عەرەبی شەرمەزاركردن و پرۆتستۆكردنی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بوو بۆ سەر كەرتی غەززە و ئەورووپییەكانیش جەختیان لەسەر پاراستنی گیانی خەڵكی سڤیل و كۆتایی هێنان بە جەنگ كردەوە.
میسری میوانداری دیدارەكە، هانی نوێنەرانی وڵاتانی بەشدار لە لووتكەدا دەدا تاكوو زیاتر جەخت لەسەر ئاشتی و پێكهێنانی دەوڵەتی سەربەخۆی فەلەستین بكەنەوە، كەچی لە كۆتایدا سەركردە و وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی بەشدار لەو لووتكەیە، لەسەر یەك بەیاننامەی هاوبەش ڕێكنەكەوتن و ناكۆكی لە نێوانیان دروستبوو، هۆكارەكەشی هەر وەكوو ئاماژەی بۆ كرا بزووتنەوەی حەماس بوو .
ئاژانسی ڕۆیتەرز لە زاری بەشێك لە دیپلۆماتكارانی بیانی بەشداری كۆبوونەوەكە ڕاگەیاند هیچ پێشكەوتنێك لە دانوستانەكانی ئاشتی بەدی ناكرێت، ئەمە لە كاتێكدا ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر كەرتی غەززە ئامادە دەكات.
مەحموود عەباس، سەرۆكی فەلەستین، لە كۆبوونەوەكەدا هۆشداریشی دا كە بە هیچ شێوەیەك فەلەستینییەكان ئاوارە نابن و غەززە بەجێ ناهێڵین و ناچینە دەرەوە.
لای خۆشییەوە ئیسرائیل بە ڕاشكاوی لە كۆبوونەوەكە ئامانجی جەنگەكەی ڕاگەیاند و گوتی دوای هێرشە كوشندەكەی حەماس، ئیدی ئەو گرووپە دەسڕینەوە و لەناویان دەبەین.
لووتكەی قاهیرە بە بێ دەركردنی هیچ ڕاگەیاندراوێك كۆتایی بە كارەكانی هێنا و هۆكارەكەشی هەر وەكوو بەشێك لە سەرچاوەكان باسیان لێوە كرد بوونی ناكۆكی نێوان سەرانی عەرەبی و سەرانی ڕۆژئاوا سەبارەت بە بزووتنەوەی حەماس وەك لایەنێكی سەرەكی بارودۆخی نالەباری غەززە دەگەڕێتەوە.