زاری كرمانجی-سۆران
وەك پاڵپشتییەك بۆ جوتیاران تەراكتۆرو ئامێرە كشتوكاڵییەكان بە هەماهەنگی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ كۆمپانیای هارون گروپ دەدرێن بە جوتـیاران، بە نرخێكی هەرزانتر لە بازاڕدا.
لەمبارەوە ئەندازیار حەكیم عەبدولڵا باڵەكی، جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سۆران، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” دوای ئەوەی بە هەماهەنگی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەگەڵ كۆمپانیای هارون گروپ، زیاتر لە 333 جوتیاری سنوورەكەمان ناوی خۆیان تۆمار كرد، بە مەبەستی وەرگرتنی تەراكتۆر و ئامێرە كشتوكاڵییەكان، ناوەكان بە فلتەرەكانی بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵ و وەزارەت تێپەڕین و دراونەتە كۆمپانیاكە بە شێوەیەك كە نرحەكەی لە بازاڕ هەرزانتر بێتـ، بۆ نموونە پارەی ژمارەكەو گومرگی لە جوتیارەكە وەرناگیرێت”.
جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سۆران، ئاشكراشی كرد: ” لەم ناوانەی كە تۆمار كرابوون پەیوەندی بە زۆر لە جوتیاران كراوە لەلایەن كۆمپانیاوە دیارە تا ئێستا نەچوونە بۆ وەرگرتنی تەراكتۆرەكە، تەنها هاووڵاتییەكی دانیشتووی گوندی بێلەنگر بەناوی (رەشید خاڵق سەعید) لە سنووری قەزای ناوەندی سۆران وەك یەكەم جوتیار تەراكتۆرەكەی وەرگرتووە، ئەوانەی دیكەش كە ناوەكانیان تۆمار كرابوو، ئەگەر ئارەزوویان بێت دەتوانن لە هەولێر سەردانی كۆمپانیای هاڕوون گروپ بكەن.