د. ئازا – زاری كرمانجی:
لە چیای زۆزك كەمپێكی شاخەوانیی و سێ ڕێڕەوی شاخەوانیی دروست دەكرێت كە بۆ داهاتوو كاریگەریەكی گەورەیان لەسەر پێشخستنی شاخەوانییەكی مۆدێرن دەبێت لە هەرێمی كوردستان و بەتایبەت لە دەڤەری سۆراندا.
د.ئەنوەر عەلی محەممەد، سەرۆكی فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: گرووپەكانی سەر بە ناوەندی سۆران لە فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستان، دەستكرا بە قۆناغی یەكەمی پڕۆژەی كەمپی شاخەوانیی چیای زۆزك لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.
سەرۆكی فیدراسیۆن، گوتیشی: بەگوێرەی ئەو پلان و بەرنامەیەی كە ماوەی چەند مانگێكە كاری لەسەر دەكرێت، كار لەسەر كردنەوەی كەمپێكی شاخەوانیی لە ناوەڕاستی چیای زۆزك دەكرێت كە بۆ هەموو تەمەن و ڕەگەزێك دەبێت سەردانی بكات، ئامانجیش لێی بە كلتووركردنی وەرزش و گەشت و گەڕانی ناو سرووشت و كار ئاسانییە بۆ مانەوە و پشوودانی شاخەوانان و گەشتیاران لە وەرزە جیاوازەكانی ساڵدا.
د. ئەنوەر، دەشڵێت: پڕۆژەی كەمپی چیای زۆزك لەلایەن ناوەندی سۆران-فیدراسیۆنی شاخەوانیی كوردستانەوە سەرپەرشتی و جێبەجێ دەكرێت و ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانیش هەموو چەشنە هاوكاری، هەماهەنگی و كارئاسانییەكی بۆ ئەم پڕۆژەیە دەربڕیوە.