زاری كرمانجی-سۆران:
جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ئاشکرایکرد: لەماوەی یەک ساڵدا نزیکەی سەد پڕۆژە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران خراونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا چەندین پڕۆژەی دیکەیش جێبەجێ بکرێن.
حەکیم تێلی، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران راگەیاند: لەماوەی یەک ساڵدا نزیکەی سەد پڕۆژەی خزمەتگوزاری چوونەتە بواری جێبەجێکردن و بەشێک لەو پڕۆژانە تەواوبوونە و بەشێکی دیکەیان ھێشتا کاریان تێدا دەکرێت، بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا ژمارەیەک پڕۆژەی دیکەش جێبەجێ بکرێن.
جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران گوتیشی: دەمانەوێ ژێرخانی ڕێگاکانی سۆران دروست بکەین، بۆ ئەو مەبەستە ئێستا ھەردوو پڕۆژەی جووتسایدی سپیلک بۆ خەلیفان و جووتسایدی حاجی ئۆمەران جێبەجێ دەکرێن، دوای ئەوانیش پڕۆژەی دیکەی ستراتیژی ڕێگاوبان ھەنە بۆ جێبەجێکردن.
حەکیم تێلی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پلانمان ئەوەیە ڕێگای نێوان ھەموو قەزاکان بکرێتە جووتساید، بەڵام جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژانە پەیوەستە بە دابینکردنی بودجە بۆ پڕۆژەکان، ھەنگاوی باشمان ناوە و ھەنگاوی دیکەش ماون بۆ ئەوەی سۆران ببێتە ناوچەیەک کێشەی ڕێگاوبانی نەمێنێ، بەتایبەتی ناوچەیەکی گەشتیاری بەرفراوانی ھەیە و پێویستی بە ڕێگاوبانی ستاندارد ھەیە.