زاری كرمانجی-سۆران:
بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عەلی موحسین ئەلعەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و سەرۆکی کۆمەڵەی بانکە ئەهلییەکانی عێراق و ژمارەیەکی دیکە لە بانکی وڵاتانی عەرەبی، کۆنفرانسی دەرفەتەکانی گەشەکردن و داهاتووی هاوبەشییە نێودەوڵەتییەکان لە هەولێر دەستیپێکرد.
عەلی عەلاق، پارێزگاری بانکی ناوەندی عێراق رایگەیاند، ئەم کۆنفڕانسە لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکان بۆ چەسپاندنی رۆڵی بانکی ئهنجام دەدرێت، تاوەکو بگەینە سیستەمێکی دارایی سەقامگیر، ئەمەش لە چواچێوەی ئەو ئاڵنگارییانەی کە لە ناوچەکەدا روودەدات.
گوتیشی: لەگەڵ ئەو پێشکەوتنە ئەلیکترۆنیە داراییانەی کە هەن، لە هەمان کاتدا چەند مەترسییەکیش هەیە کە رووبەرووی ئەو بابەتە دەبێتەوە، ئەمانەش وادەکەن پێشینەکان رێکبخرێنەوە لەگەڵ ئەو پەرەسەندنانەش رێکبکەوین.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێک لەو پێشینانەی کە بانکی ناوەندی گرنگی پێدەدات، گرنگی دانە بەو شتانەی لەو کۆنگرانەدا باسدەکرێن، ئەویش چەسپاندنی بنەماکانی شوشتنەوەی پارە، کە یاساکە لە ساڵی 2015 دەرچووە، لێرەدا دووپاتی دەکەینەوە، کە ئەم بنەمایانە سەلامەتی سیستەمی دارایی دەپارێزێت، هەروەها عێراقیش لە مەترسییەکان دەپارێزێت.
عەلی عەلاق دەشڵێت: دەمەوێت ئاماژە بە شتێک بکەم ئەویش پەیوەندی نێوان جێبەجێکردنی ئەو پێوەرانە و پرۆسەی حەواڵەکردنی پارە و فرۆشتنی دۆلارە بە هەموو شێوەیەک، بەڵگەنامەیەکیش هەیە بۆ جێبەجێکردنی ئەو پێوەرانەو حەواڵەکردن، لەسەر سەقامگیرکردنی نرخی دینار، هەروەها ئێمەش دەتوانین ئەو سەقامگیرییە جێبەجێ بکەین.
باسی لە رێکخستنەوەی پرۆسەی بازرگانی لە عێراق کرد و جەختیکردەوە، بانکی ناوەندی بە وردەکاری رۆژانە پرۆژەی حەواڵەکردنی دەرەکی ئەنجام دەدات، هەروەها گواستنەوەی پارە بۆ بە ئەلیکترۆنی کردن، ئەمەش ئاڵنگارییەکی گەورەیە بۆ ئەوەی کۆنتڕۆڵ جموجۆڵی پارە بکرێت.
عەلاق دەستخۆشی لە حکومەتی هەرێم کوردستان کرد لەو بارەوە، گوتی: “هەماهەنگیمان هەیە لە گهل سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، دوو رۆژ لەمەو پێش کە یەکترمان بینی، حکومەتی هەرێمی کوردستان پشتگیری کردین بۆ ئەوەی پێکەوە بچینە ئابووری دیجیتاڵی”.