زاری كرمانجی – سۆران :
حكومەتی كۆماری ئیسلامی ئێران بە ناچاری قوتابییانی ڕاپێچی نێو گردبوونەوەی پشتیوانیكردن لە حەماس و گەلی فەلەستین كردووە و چاودێرانی سیاسی ئێران دەڵێن، حكومەت سەری لێ شێواوە و نازانێت چی بكات.
بە پێی هەواڵێك كە لە ماڵپەڕی ئێران وایەر بڵاوكراوەتەوە، ڕێكەوتی 18ی تشرینی یەكەمی 2023، ئێران دەرگای چەندین زانكۆ و قوتابخانەی داخستووە و قوتابییانی ناچار كردووە بەشداری لە گردبوونەوەی هاوسۆزی بۆ حەماس و پشتگیری لە گەلی فەلەستین بكەن.
لە هەواڵێكی ئێران وایەر هاتووە “كاربەدەستانی زانكۆی عەلامەی تاران، ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو زانكۆیان داخستووە لە پێناو گردبوونەوەی حكومەتیی پشتیوانی لە فەلەستین، بە كۆمەڵێك پاس خوێندكاران و كارمەندانیان بردووەتە مەیدانی فەلەستین.”
لە ئاگاداركردنەوەكەی بەرپرسانی زانكۆی عەلامە بۆ قوتابییان هاتووە “هاوكاران و خوێندكارانی بەڕێز ئاگادار دەكەنەوە وێڕای هاودەردی و دەربڕینی هاوپشتی لەگەڵ نەتەوەی ستەملێكراوی فەلەستین بەپێی فەرمانی وەزیری بەڕێزی علووم و تەحقیقاتی فەناوەری ئەمڕۆ چوارشەممە سەرجەم وانەكانی زانكۆ و یەكە ئیداری و زانستییەكان دادەخرێن هەروەها پاسی گواستنەوە بۆ ڕۆیشتن بەرەو مەیدانی فەلەستین و ئامادەیی لە گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ئەكادیمیاكان لە كاتژمێر ۹ی بەیانی لە تەنیشت ئارامگەی شەهیدانی زانكۆ ئامادەیە.”
جگە لە تاران لە چەندین شاری تریش دەرگای قوتابخانەكان داخراون و قوتابییان بە زۆری براون بۆ گردبوونەوەكان.