شهلا رشید- زاری كرمانجی
پزیشكێكی پسپۆڕی خۆراك باسی برسیەتی شەوانە دەكات و دەڵێت” بەشێكی زۆری خەڵك كێشەی ئەوەیان هەیە كە شەوان زۆر برسی دەبن و ناتوانن خۆیان بگرن هەر چەندە ژەمی ئێوارەشیان خواردووە، ئەم كێشەیەش لە ناوەڕاستی پایز تا دەستپێكی وەرزی بەهار ڕێژەكەی زۆرترە لە بەر درێژی شەو و هاتنی سەرما.
د. كامەران ڕەسوڵ، پسپۆڕی زانستی خۆراك، باس لە گرنگترین هۆكارەكانی برسیەتی شەوان دەكات و دەڵێت” كۆنیشانەی برسیەتی شەوانە جۆرێكە لە حاڵەتەكانی تێكچوونی ئارەزووی خواردن و وات لێ دەكات لە برساندا خەبەرت بێتەوە و هۆكارەكەشی نەزانراوە، بەڵام زانایان لەو باوەڕەدان كە پەیوەندی بە تێكچوونی هۆرمۆنەكانەوە هەبێت وەك نزمی ئاستی هۆرمۆنی میلاتۆنین، لێپتین، سیڕۆتۆنین و بەرزی هۆرمۆنی گریلین، كە بە هۆرمۆنی برسیەتی ناسراوە، هەروەها شەونخوونی و تێكچوونی خەو و نەنووستن بۆ ماوەی پێویست لە شەودا یەكێكە لە هۆكارە سەرەكییەكانی ئارەزووی خواردن بەهۆی تێكچوونی هۆرمۆنەكانەوە بەتایبەت هۆڕمۆنی گریلین، كە بەرپرسە لە زیادكردنی ئارەزووی خواردن و كەم خەوی دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی، هۆرمۆنی (لێپتین)یش لێپرسراوە لە هەستكردن بە تێر بوون و كەمخەوی مایەی زیادكردنی ڕێژەكەی”.
ئەم پزیشكە دەشڵێت” دڵەڕاوكێ، قەلەقی و توڕەیی هۆكارن و جەستە هۆرمۆنی كۆرتیزۆن دەڕێژێت و ئەمەش وا دەكات بڕێكی زیاتری خۆراك بخوێت بەتایبەت شیرینی و چەوری، وشكبوونەوەی جەستەش بە بەردەوامی وا دەكات هەست بە برسێتی بكەیت، چونكە هەمان بەشی مێشك بەرپرسە لە هەست بە تینوویەتی و برسیەتی، بۆیە كەم خواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو و خواردنی سەوزە و میوە یەكێكە لە هۆكارەكانی تێر نەبوون، هەروەها نابێ ئاستی شەكرەی خوێن بە خێرایی بەرز بێتەوە و دابەزێت، بەهۆی سیستەمی خۆراكی ناتەندروست و ناڕێكی لەكاتی ژەمەكان و نەخواردنی ژەمی بەیانی و بڕی پێویست لە ماددە پڕۆتینەكان، ڕیشاڵییەكان و نەخواردنەوەی بڕی پێویستی ئاو و خواردنی بڕێكی زۆر لە كاربۆهیدرایتە سادەكانی وەك نانی سپی، برنجی سپی، مەعكرۆنی، پاستا، پەتاتە، شیرینی و خواردنەوە گازییەكان، خانمانیش پێش سوڕی مانگانە و لەكاتی دووگیانی، زیاتر ئارەزووی خواردن دەكەن.