زاری كرمانجی – سۆران:
ماوەی چەند رۆژێكە، گۆڕانكاری حزبی لە نێو ئۆڕگانەكانی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەستی پێكردووە و بەپێی زانیارییەكانی زاری كرمانجی، لە نێو مەڵبەندی شەشی سۆرانیش گۆڕانكارییەكان ئەنجام دەدرێن.
هەڵۆ حەسەن جێگری مەڵبەندی شەشی سۆرانی یەكێتيی نیشتیمانيی كوردستان، بە زاری كرمانجی راگەیاند:” بە بڕیاری هەڤاڵ پاڤل تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی و بە رەزامەندی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی، گۆڕانكاری لە دام و دەزگاكانی یەكێتيی بە تایبەت هەیكەلی مەكتەب و مەڵبەندەكان و كۆمیتەكانی دەكرێت .
جێگری مەڵبەندی شەشی سۆران، دەڵێت:” لە هەندێ مەڵبەند ئەو گۆڕانكارییە جێبەجێ كراوە، لە مەڵبەندی شەشی سۆرانیش دەستی پێكردووە و پێشنیار كراوە بۆ سەركردایەتی، ئەو مەڵبەندانەی هێشتا گۆڕانكارییان لێ نەكراوە لە داهاتووەكی نزیك ئەنجام دەدرێت.
دووپاتی كردەوە:” لە ئێستادا بەرپرسی مەڵبەندەكان وەك خۆیان دەمێننەوە، بەڵام هەیكەلی مەڵبەندەكان بنیات دەنرێنەوە و سێ جێگریان بۆ دیاری دەكرێت، دوای تەواوبوونی مەڵبەندەكان لە كۆمیتەكانیش ئەو گۆڕانكارییە دەكرێت.