زاری كرمانجی- چۆمان:
قایمقامی قەزای چۆمان، دەڵێت: ماوەی دوو ساڵە ناوچە سنوورییەكانی چۆمان سەقامگیری بەخۆیەوە بینیوە و بە درێژایی سنووری نێوان هەرێم و ئێران لە چۆمان خاڵی سنووری جێگیركراون و چاودێری ڕەوشی سنوور دەكرێت.
سوارە ئەكرەم، قایمقامی قەزای چۆمان، ڕاگەیاند: ڕاستە پێشتر كێشەی سنووری هەبوون لە چۆمان و باڵەكایەتی بەگشتی، بەڵام ماوەی دوو ساڵە هیچ كێشەیەكی سنووری نەبووە و بوردۆمان و تۆپبارانیش نەبووە ئەوەیش مانای ئەوە دەگەیەنێ لە ڕووی ئەمنییەوە ناوچەكە سەقامگیری بە خۆیەوە بینیوە، ئێستا كێشەی سنووری نەماوە و ناوچەكە هاوشێوەی ناوچەكانی دیكەی هەرێمی كوردستان ئارامە.
قایمقامی چۆمانن ئاماژەی بۆ ئەوەكرد: ئێمە لە سنووری قەزای چۆمان ٣٨ كیلۆمەتر سنوورمان لەگەڵ كۆماری ئیسلامی ئێران هەیە و بە درێژایی سنووری نێوان هەرێم و ئێران خاڵی سنووری جێگیر كراون و لەلایەن پاسەوانی سنوورییەوە پارێزگاری دەكرێت و بەوردی چاودێری دەكرێت بۆ ئەوەی كێشە لەسەر سنوور نەمێنێ و هاووڵاتییان بتوان بە ئارامی سەردانی ناوچەكە بكەن.