ئابەرەڤان شاكر سلێمان لاچ:
ئەگەرچی دوژمنانی كوردستان بەردەوام چاویان بڕیوەتە خاكی پیرۆزی كوردستان، بەڵام گەلی كوردستان خۆیان بەدەستەوە نەداوە و هەمیشە خەباتیان كردووە بۆ سەرخستنی دۆزی رەوای گەلی كوردستان.
یەكێك لەو شەهیدو قارەمانەش جەمال صادق میكائیل زراری، خەباتێكی دوورو درێژی هەبووە لە پێناو كوردایەتی لە ساڵی ١٩٦٧ لە گوندی گردی ماوان لە دەڤەری زرارەتی لە بنەماڵەیەكی خاوەن خزمەت و قوربانیداندا چاوی بە دونیا كراوەتەوە، سەردەمی منداڵی شەهید هاوكاتبووە لەگەڵ كۆمەڵێك رووداوی سیاسی و كۆمەڵایەتی ئەو كاتی كوردستان، ئەمانەش كاردانەوەی لەسەر كەسایەتی و هەست و بیر وسۆزی شەهید هەبووە”.
شەهید جەمال، لە تەمەنی هەشت ساڵیدا دەچێتە بەرخوێندن، بەڵام لەبەر بارودۆخی سیاسی ئەو كاتی كوردستان نەیتوانیووە درێژە بەخوێندن بدات. لە تەمەنی گەنجیدا شەهید سەرقاڵی كارو كاسبی بووە لە شاری هەولێر، لە هەمان كاتدا یەكێك بووە لە ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستان، شەهید رۆلێكی گرنگ و بەرچاوی هەبووە لەگەڵ ئەندامانی شانە نەهێنییەكانی شاری هەولێر تاكو راپەرینی ساڵی ١٩٩١، لە ئازادكردنی شاری هەولێر لە راپەرینی سەرتاسەری كوردستان، بەتایبەتی لە پاككردنەوەیی شاری هەولێر لە دامودەزگا سیخورییەكانی رژێمی بەعس.
محەمەد خوڕشید زراری، فەرماندەیەكی سەربازییە و هاوڕێ و هاوسەنگەری شەهید دەڵێت” دوای راپەرین من و شەهید جەمال پەیوەندیمان بە رێزەكانی پێشمەرەگەوە كرد لە لەشكری تایبەتی١، من ئەو كات جێگری فەرماندەی بەتالیۆن بووم لە بەتالیۆنی چوار، شەهید جەمال فەرماندەی پەل بوو، ئەو كەسێكی زۆر ئازا و بووێر بوو، بۆ هەر ئەرك و چاڵاكییەك ئامادەبوو، هەردەم جێگای متمانەی هەموو لایەكمان بوو، لەهەر ئەركێكدا كە بەشدار دەبوو بەوپەڕی وورەوە بەشداری دەكرد”.
لەبارەی شەهیدبوونیەوە گووتی” پێشتر راسپێردراین بۆ چاڵاكییەك، لە نزیك پاركی خانزاد لە شاری هەولێر، شەهید جەمال یەكێك بوو لەو كەسانەی لەبەر ئازایەتی بەشداربوو لەو چاڵاكیەدا، ئەو بە چەكێكی بیكێسیەوە لەسەر خانویەك بوو، هەر لەوێش گولەیەكی بەركەوت و برینداربوو، دواتر چوومە نەخۆشخانە و بینیم بارودۆخی شەهید باش بوو، هەر دەیگووت من باشم و بەم زوانە دەگەرێمەوە لاتان، دواتر سەردانی یەكێك لە بریندارەكانم كرد لە نەخۆشخانە، بەڵام كاتێك گەڕامەوە بینیم شەهید گیانی سپاردبوو، بەراستی شەهیدبوونی شەهید جەمال كاریگەریەكی زۆری لەسەر هەموومان هەبوو، تا ئێستاش هەمیشە باس لە كەسایەتی وئازایەتی شەهید جەمال دەكەم”.
كەمال صادق برای شەهید دەڵێت ” شەهید كەسایەتیەكی بەرزی كۆمەڵایەتی و سەربازی هەبوو، ئەو یەكێك بوو لە هاورێ و كەسە ناسراوەكانی فەرماندە وەجهی بارزانی، ئەگەرچی بەتەمەن من گەورەتربووم لە ئەو، بەڵام لەناو خێزانەكەمان ئەومان كردبوو بە پێشەنگ، ئەمەش لەبەر ئەوەی كەسێكی تێگەیشتوو و نەرمونیان و كۆمەڵایەتی بوو، هەردەم بەرژەوەندی گشتی لەبەرچاو دەگرت”.
لەبارەی شەهیدبوونیەوە كەمال دەڵێت” لە رۆژی ١٦/٥/١٩٩٧، چەند كەسێك هەڵبژێردران بۆ كارێكی تایبەت، شەهید یەكێك بوو لەو كەسانەی بەشداربوو لەو چاڵاكییەدا دوای ماوەیەك من گەیشتمە شوێنەكە زانیم جەمالی برام برینداربووە وگوازراوەتەوە بۆ نەخۆشخانە، چوومە نەخۆشخانە شەهید لەسەر قەرەوێلەیەك پاڵكەوتووە ودۆخی باش دیارنەبوو، گولەیەك بەر سینگی كەوتبوو، هەوڵی دەدا دڵمبداتەوە وهەر دەیگووت هیچ نییە، من چاك دەبمەوە، دەگەڕێمەوە بۆ لاتان، ئەگەرچی ئاخفتنی باش نەبوو، بەڵام بەردەوامبوو لەسەر ئامۆژگاریكردنم، لە دوا وشەكانیدا ناوی خوای هێناو وگیانی سپارت”.
لای خۆیەوە مەسعود جەمال، كوری شەهید ئاماژەبەوەدەدات ” تەمەنم نۆ ساڵ بوو كاتێك باوكم شەهید بوو، ئەگەرچی هەر زوو لە نازی باوكایەتی بێبەشبووم، بەڵام هەردەم شانازی بەوە دەكەم كوری یەكێكم لە شەهیدە سەربەرزەكانی كوردستان، دوای شەهیدبوونی باوكم هەمیشە خەونم بەوەوە دەدەیت ببمە پێشمەرگە ودرێژە بەخەباتی باوكم بدەم، بۆیە لەسەر فەرمانی فەرماندە وەجی بارزانی لە تەمەنی دە ساڵیدا بوومە پێشمەرگە، لە ئێستادا من لەگەڵ سێ برام بەردەوامین لە خزمەتكردن بە گەل ونیشتیمان ودرێژەمان بە رێبازی كوردایەتی داوە”.
كافیە حەسەن، خێزانی شەهید ئەوەدەخاتەڕوو “هەمیشە شانازی بەوەدەكەم خێزانی شەهید جەمالم، ئەو كەسێكی زۆر بەڕێز و كۆمەڵایەتی و ئازابوو، شەهید بوونی ئەو كاریگەری زۆری لەسەرمان هەبوو، دوای خۆی حەوت منداڵی بۆ بەجێهێشتم، ئەو هەردەم دەیگووت با منداڵەكانم هەمیشە كوردایەتی ومرۆڤایەتییان لە دڵدا هەبێت”.
دەشڵێت ” زۆر سەربەرزم و دڵخۆشم كەوا دەبینم ئەو ئازادی و ئارامیەی لە كوردستان هەیە بەرهەمی خوێنی شەهید جەمال و سەرجەم شەهیدە سەربەرزەكانی كوردستانە، ئاواتی شەهید ئەوەبوو گەلی كوردستانیش ببێتە خاوەن دەوڵەت وئاڵای پیرۆزی كوردستان بچێتە ناو ئاڵای وڵاتانی جیهان.
