زاری كرمانجی-سۆران:
ئەمڕۆ شەممە کاتژمێر 10:00، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی ساڵانەی بانکیی عێراقی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
لە کۆنفرانسەکەدا باس لە پەرەپێدانی سیستەمی بانکی دەکرێت و تاتوێی ئاستەنگەکانی بەردەم سیستەمی بانکی لە عێراق دەکرێت. عەلی موحسین ئەلعەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق و ژمارەیەک لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لە کۆنفرانسەکەدا ئامادە دەبن.
رۆژی پێنجشەممە 19ـی ئۆکتۆبەری 2023، عەلی موحسین ئەلعەللاق، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق بە سەردانێک گەیشتە هەولێر، لە دیدارێکدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی هەماهەنگی لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەتایبەتی بانکی ناوەندی، لە بوارەکانی چاکسازی لە کەرتی بانکی و هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و کارکردن بۆ سەقامگیریی ئابووری کرد. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە پرۆژە و دەستپێشخەری (هەژماری من) کرد و سوپاسی پشتیوانیی و هەماهەنگیی پارێزگاری بانکی ناوەندی و سەرۆک وەزیران محەممەد شیاع سوودانی کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پێشکەوتنی هەرێمی کوردستان، پێشکەوتنە بۆ هەموو عێراق و لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییاندایە.
ئەمە لە کاتێکدایە کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای دەستبەکاربوونی گرنگی زۆری بە سیستەمی بانکی داوە لەپێناو بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، پێشتر سەرۆکی حکومەتی کوردستان رایگەیاندووە: “ئێمە لە حکومەت زۆر پێداگیری دەکەین لەوەی سیستەمی بانکی لە هەرێمی کوردستان بە ستاندارد بکرێت بۆ ئەوەش لەگەڵ پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقیش لە پەیوەندیداین و ئەوانیش یارمەتیدەری ئێمە بوون”.