د. ئازا – زاری كرمانجی:
تێنسی سەرزەوی جیا لە یاریەكانی تر بە یاریەكی شاهانەیی ناسراوە و یەكێكە لەو یاریانەی كە تایبەتمەندنی خۆی هەیە، لەم یارییە یاریزانەكان كەمتر دووچاری پێكان دەبن بە بەراورد بە یارییەكانی تر، چونكە بەریەككەوتنیان نییە لە گەڵ یەكتر، بە شێوەیەكی گشتی ئاستی یاری تێنسی سەرزەوی لە قۆناغی بڵاوبوونەوە و گەشەسەندن دایە لە دەڤەرەكەمان، لاو و گەنجی زۆر لە كوڕ و كچ ڕووی كردوتە فێربوونی كارامەییەكانی ئەو یارییە، لەم سنوورە چەند یاریگەیەكی تێنسی سەرزەوی هەن، بەڵام ئەو یارییە تێچووی دارایی زۆری دەوێت لە دابین كردنی پێداویستییەكانی، بۆیە لەم سۆنگەیەوە سەرۆكایەتیی زانكۆی سۆران بۆ قوتابییە بەشداربووەكانی خولی ڕاهێنان و فێركاری بەشێك لە پێداویستییەكانیان دابین كردووە، بەڵام ئەوە بەس نیە پێویستە حكوومەت و لایەنی پەیوەندیدار بە وەرزش زیاتر ئاوڕ لەو یاریە بداتەوە تاكو بگاتە تەواوی قەزایەكانی تری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەڵبەتە لەم روانگەیەوە تیمی ڕاهێنان و فێركاری لەم یارییە لە زانكۆی سۆران ئامادەن بۆ كردنەوەی خولی زیاتر لەم دەڤەرە لە پێناو گەشە كردن و بڵاو بونەوەی یاری تێنسی سەرزەوی.
د. دلاوەر كەریم، مامۆستا لە بەشی پەروەردەی جەستەیی و زانستە وەرزشییەكان لە زانكۆی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: لە ژێر چاودێری د. ڕزگار سەعید، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆ بۆ كاروباری قوتابییان و بە هەماهەنگی بەڕێوەبەرایەتی چالاكی وەرزشی و هونەری زانكۆی سۆران خولی فێركاری یاری تێنسی سەرزەوی كردەوە، كە وانەكانی لە لایەن ڕاھێنەری نێودەوڵەتی د. دلاوەر كریم، بەشێوەی پڕاكتیكی و تیۆری پێشكەش دەكرێن، لە یاریگەی تێنسی سەرزەوی كەمپی زانكۆی سۆران.
د. دلاوەر، گوتی: لەم خولە فێركاریە قوتابییانی زانكۆی سۆران لە فاكەڵتییە جیاجیایەكان بەشداریان كردووە كە ژمارەیان ٣٤ قوتابی كچ و كوڕ دەبێت، هەروەها ئەم خولە بۆ ماوەی ٢١ ڕۆژ بەردەوامی دەبێت.