زاری كرمانجی- سۆران:
لە رێورەسمی ئاهەنگی دەرچووانی چەند خولێکی ئەنجوومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆرییە پزیشکییەکان، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، کاردەکەین لەپێناو رێکخستنەوە و گەشەپێدانی سیستەمی تەندروستی گشتی و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان کە زیاتر جێگەی متمانەی هاووڵاتییان بێت.
رۆژی پێنجشەممە (19ـی تشرینی یەکەمی 2023) بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی. سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاهەنگی دەرچووانی پسپۆڕییە پزیشکییەکان (بۆردی کوردستانی) لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
سەرۆکی حکومەت لە گوتارێکدا ئاماژەی بەوە کرد کە پزیشکی، پیشەیەکی یەکجار پیرۆزە، هیوادارم پزیشکانی کوردستان لە ئاست پیرۆزی و گەورەیی ئەرک و پیشەکەیان و سوێندخواردنەکەیان بن.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەشکرد، شاراوە نییە کە کەرتی تەندروستی لە کوردستان، وەک هەموو کەرتەکانی دیکە، بەدەر نییە لە رەخنە و گلەیی، بۆیە لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، دەستمان بە پرۆسەیەکی فراوانی چاکسازی لە بواری تەندروستیدا کرد.
دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی هێژا:
میوانانی بەڕێز:
ئەم کاتەتان باش
بەختەوەرم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە بەشدارم لە ئاهەنگی دەرچووان و ڕاهێنراوانی ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕە پزیشکیەکان، پیرۆزباییەکی گەرم لە گشت دەرچووان و ڕاهێنراوان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم.
دەستخۆشی لە ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکیەکان دەکەم کە وەک دەزگایەکی فێرکاری و ڕاهێنان لە بواری پزیشکی کار دەکات لە پێناو پەرەپێدانی خوێندن و پسپۆڕی و پیشەی پزیشکی و ئەنجامدانی توێژینەوە و کارکردن بۆ بەدەستهێنانی متمانەی ناوەندە پزیشکییە نێودەوڵەتییەکان.
هەروەها دەستخۆشی لە توێژەرە بەڕێزەکان دەکەم بۆ ئەو توێژینەوە گرنگانەی لە بواری پزیشکی و تەندروستیدا ئەنجامیان داوە و ئەمڕۆ کورتەیەکیان خستەڕوو. هیوادارم ئەم توێژینەوانە سوودیان لێ وەربگیرێت و ببنە هۆی دۆزینەوەی چارەسەری بۆ نەخۆشییەکان و باشتربوونی سیستەمی تەندروستیمان بە گشتی.
ڕێز و پێزانینم بۆ ئەنجومەنی پزیشکی ئوردنی هەیە ، کە متمانە و باوەڕی خۆیان بە بە پرۆگرام و سەنتەرەکانی ئەنجومەنی باڵای کوردستان بەخشیوە. خۆشحاڵین بەو هاوکاری و هەماهەنگییە بەهێزەی لە نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی ئوردندا هەیە، بەتایبەتی لە بواری تەندروستیدا. ئێمە هەمیشە شانازی بە پەیوەندیی مێژوویی و دۆستانە و تایبەتی نێوان هەرێمی کوردستان و شانشینی هاشمی ئوردنی بە ڕێبەرایەتی خاوەنشکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم دەکەین کە لە قۆناخە جیاوازەکاندا پشتیوانی هەرێمی کوردستان بوون .
بەڕێزان:
پزیشکی، پیشەیەکی یەکجار پیرۆزە، هیوادارم پزیشکانی کوردستان لە ئاست پیرۆزی و گەورەیی ئەرک و پیشەکەیان و سوێندخواردنەکەیان بن . پزیشکیی، بەر لە هەر شتێک، ئەرکێکی مرۆڤانەیە و پێویستە ئامانجەکەی ڕزگارکردنی ژیانی خەڵک و پاراستنی تەندروستییان بێت . بۆیە ئومێدەوارم هەمیشە، لایەنە مرۆیی و ئینسانی پیشەکەتان، لەبەرچاو بێت.
بێگومان فێربوون کۆتایی نایەت، چونکە پرۆسەیەکی بەردەوامە و مرۆڤ بە گشتی و لە قۆناخە جیاوازەکانی ژیانیدا، پێویستە بەردەوام بێ لە هەوڵی گەڕان بەدوای زانست و زانیاری و فێربووندا. بەتایبەتیش بواری پزیشکیی و تەندروستی وەک زۆر بواری دیکە، لە پێشکەوتنی بەردەوامدایە ، بۆیە دەبێ ئێوەش، هەمیشە لە هەوڵی بەردەوام و بێ وچاندابن لە پێناو بەدەستهێنانی زانیاری نوێ و ئەنجامدانی توێژینەوەی گرنگ و زانستی، بۆ ئەوەی بتوانن زیاتر خزمەتی خەڵک و کۆمەڵگەی خۆتان و مرۆڤایەتی بە گشتی بکەن . هیوادارم سوودێکی زیاتر لە بواری تەکنەلۆجیای زانستی Bio Technology وەربگیرێت کە ئاسانکاری زۆر و هاوکاری زۆرتری پزیشکەکان دەکات.
شاراوە نییە کە کەرتی تەندروستی لە کوردستان، وەک هەموو کەرتەکانی تر، بەدەر نییە لە ڕەخنە و گلەیی، بۆیە لەسەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، دەستمان بە پرۆسەیەکی فراوانی چاکسازی لە بواری تەندروستیدا کرد کە تا ئێستاش بەردەوامە، چونکە هێشتا زۆر شت ماوە ئەنجامی بدەین . هەربۆ نموونە یەکێک لە چاکسازییەکانمان، دەرچوونی یاسایەکی گرنگی پەیوەندیدار بە بواری تەندروستی گشتی بوو ، کە یاسای ماف و ئەرکەکانی نەخۆشە لە هەرێمی کوردستان کە لە ساڵی 2020 لەلایەن پەرلەمانی کوردستانەوە پەسەند کرا.
چاکسازی پرۆسەیەکی بەردەوامە و کاتی دەوێت، هەروەها پێویستی بە هەماهەنگی و هاریکاری هەموومان هەیە، بەتایبەتی پزیشکان و پسپۆڕانی بواری تەندروستی، بۆ ئەوەی بە هەوڵی هەموو لایەک بتوانین سیستەمی تهندروستی گشتیی باش بکەین و خزمەتگوزاریی تهندروستی، بە شێوەیەکی باشتر، بە هاووڵاتییانمان بگەیەنین.
حکومەتی هەرێمی كوردستان خەرجیەکی زۆر لە بواری تەندروستی گشتی و دامەزراوە تەندروستییەکان دەکات و کاردەکەین لە پێناو باشترکردنی کوالێتی ئەو خزمەتگوزارییانە و ڕێکخستنەوە و گەشەپێدانی سیستەمی تەندروستی گشتی و بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان بە شێوەیەک کە جێگەی متمانەی زیاتری هاووڵاتییان بێت.
جارێکی دیکەش پیرۆزبایی لە دەرچووان و ڕاهێنراوان و توێژەران دەکەم و هیوای پێشکەوتن و بەردەوامیی بۆ ئێوە و ئەنجومەنی باڵای کوردستان بۆ پسپۆڕییە پزیشکییەکان دەخوازم.
هیوادارم هەمیشە سەرکەوتوو بن و کوردستانیشمان هەر پارێزرا و ئاوەدان بێت.