زاری كرمانجی-سۆران
پارێزەرێك زانیاری لە بارەی سزای یاسایی ئەو فەرمانبەرانەی كە بایكۆتی دەوام دەكەن و زیان گەیاندن بە بەرژەوەندی گشتی دەخاتەڕوو.
پارێزەر سیروان حەسەن شێروانی، بە زاری كرمانجی راگەیاند: ” یەكێك لەو ڕێگا مەدەنیانەی كە هاونیشتمانانی هەر وڵاتێك دەیگرنەبەر ناڕەزایەتییە بەرامبەر دۆخێك كە تێیدەكەون، كاتێك كە فەرمانبەران یان كرێكارانی سێكتەرێك یان كارگەیەك لە دۆخی خۆیان ناڕازین هەڵدەستن بە مانگرتن، یەكەم ئیشی مانگرتن نەچوونە سەر كارەكانیانە، بەمەش ئەو شوینە ئیفلیج دەبێت، بۆ ئەمەش دەمەوێت چەند خاڵێكی دەستووری بخەمە ڕوو:.
ناساندنی بایكۆت لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا:-
لە مادەی 38ـی دەستوری عێراق دا بەگشتی دەستەبەری سەرجەم ئامرازەكانی ڕادەبڕینی كردوە، وەك ئازادی رۆژنامەگەری و چاپخانە و ئازادی كووبونەوە و خۆپێشاندان….هتد.بەڵام بە ڕوونی باسی بایكۆتی نەكردوە. دوو را هەیە لەسەر ئەوەی ئایا بایكۆت دەگرێتەوە یان نا، ئێمە لەگەڵ ئەوەدان كە “منگوقی” دەقەكە بایكۆت ناگرێتەوە، بەمەش بایكۆت بە جۆرێك لە ئامرازی مومارسەكردنی ئازادی دانانرێ، لەسەر حیسابی هاووڵاتییان بۆ دەستكەوتێكی كەسی.
سزای یاسای ئەو فەرمانبەرانەی بایكۆتی دەوامیان دەكەن چیە؟
یەكەم/لە چوارچێوەی یاسای رێكاریی فەرمانبەرانی دەوڵەتدا :-
بایكۆت باس نەكراوە، بەڵام “امتناع عن العمل” كە بایكۆتیش دەگرێتەوە بە سەرپێچی وەزیفی دادەنرێت و بەمەش دەشێ فەرمانبەر توشی سزا بەرزەفتیەكان ببێت (انضباطية)،سزاكانیش بریتین لە سەرنج ڕاكێشان، بە ئاگاهێنانەوە، برینی موچە، سەرزەنشتكردن ، كەمكردنەوەی موچە، داگرتنی پلە، دەركردن و جیاكردنەوە.
بۆیە كە هەركاتێ فەرمانبەر بۆ ماوەی ١مانگ دەوام نەكات، بەپێی یاسا بریاری دەركردن (فصل) لە دژی دەردەچێ. وە شایستەی مافە دارایەكانی لە دەست دەدات، وەك موچە و پلە بەرزكردنەوە و هتد…
دووەم/لە چوارچێوەی یاسای سزادانی عێراقی:-
هەروەها لە یاسای سزادانی عێراقی “امتناع عن الوڤیفە” بە تاوان ئەژمار كراوە، بەمەش دەشێ فەرمانبەری مانگرتو توشی سزای “جزائی” ببێت هەركاتێك ئەو مانگرتنە ببێتە مەترسی بۆ سەر ژیان و تەندروستی و ئاسایشی هاوڵاتیان، بە جۆرێك كە بە پێی ماددەی (۳۲۹) لە یاسای سزادانی عێراقی، هەر فەرمانبەر یان ڕاسپێرداروێك بە خزمەتی گشتی إمتناع بكات لە جێبەجێكردنی بڕیارێك یان فەرمانێكی دەرچوو لە یەكێك لە دادگاكان یان دەسەڵاتە گشتیەكان، ئەوا سزا دەدرێت بە بەندكرد و پێبژاردن(الحبس و الغرامە) یان یەكێك لەم دوو سزایە.
ئایا ئەو كەسانەی بەهۆی بایكۆتەوە زیانیان بەردەكەوێ قەرەبوو دەكرێنەوە ؟چ لایەنێك قەرەبوویان دەكاتەوە؟
بێگومان هەر هاوڵاتییەك توشی زەرەر و زیان ببێت بەهۆی بایكۆتەوە، بۆی هەیە سكاڵا بكات و داوای قەرەبوو بكات لە فەرمانبەری تایبەت و بەرپرسی فەرمانگەكە، لەسەر بنەمای هەڵەی هاوبەش “مشترك”، هەر زیانێكی ماددی و معنوی بەر هەر تاكێك بكەوێتەوە لە دەرئەنجامی ئەم بایكۆتانە دەتوانرێ داوای قەرەبوو (تعويض) بكرێتەوە لە چوارچێوەی دادگای شارستانی و كارگێری.