د. ئازا – زاری كرمانجی:
سەرهەد سەلام، سەرۆكی یانەی وەرزشی ڕواندز بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: كاری نۆژەنكردنەوەی یاریگەكەمان لە ساڵی ڕابردوو دەستی پێ كرد لەسەر ڕاسپاردەی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە قۆناغی یەكەم بڕی ٢٥٠ ملیۆن دیناری بۆ دابین كرا دوای ئەوەی لێژنەیەك پێك هات بۆ ئەوەی كارەكانی نۆژەنكردنەوەی ئەو یاریگەیە بە خێرایی جێ بە جێ بكرێت كە دەبوو ساڵی ڕابردوو نۆژەنكردنەوەی یاریگەكە بە كۆتا هاتبا، بەڵام ئەوەی كە ئێستا دەیبینین كارەكان وەستاون و نۆژەنكردنەوەكە تەواو نەبووە، ئەگەر چاككردنی یاریگەكەمان دەستپێنەكاتەوە و بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام بێت دڵنیابن دوای ماوەیەكی تر یاریگەكە دەبێت بە وێرانەیەك و شوێنێكی خاپوور بوو و هیچی بەسەر یەكەوە نامێنێت.
سەرۆكی یانەكە، وتیشی: هەرچەند لەسەرەتا كاری نۆژەنكردنەوە باش بەڕێوەدەچوو، بەڵام دوای وەستانی نۆژەنكردنەوەی یاریگەی یانەكەمان بۆیە بە پێویستمان زانی بۆ ئەم مەبەستە سەردانی هەڵگۆرد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بكەین و ئاگادارمان كردەوە لەم گرفتە و لە گۆڕانكاری كردن بەبێ ئاگاداری و ڕەزامەندی ئێمە لە تەندەر و پلانی نۆژەنكردنەوەی یاریگە كە زۆربەی شتەكان لادراوە جگە لەوەش بڕیار وا بوو چیمەنی سروشتی بۆ یاریگە بكرێت بەڵام ئیستا دەیانەوێت چیمەنی دەستكرد دروست بكەن كە ئەمەش بۆ ئێمە سوودی نابێت، بەداخەوە ئەوەی سەیر بێت ئێمە لە یانەی وەرزشی ڕواندز كەسمان ئەندام نین لە لێژنەی نۆژەنكردنەوە چونكە نەیانهێشت ببین بە ئەندام، بۆیە بێ ئاگاین لە هەر كارێكی پەیوەست بە یاریگەكەمان.
م. سەرهەد، باسی لەوەشكرد هۆكاری پێداگری و ڕژد بوونیان لەسەر بوونی یاریگەكەیان بە چیمەنی سروشتی بۆ ئەوەی گەڕاندەوە كە لە داهاتوو دەكرێت وەربەرهێنان بكەن بە هێنانی یەكەی مەشق و ڕاهێنانی یانەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێڕاق و هەرێمی كوردستان بۆ قەزای ڕواندز.
لە كۆتاییدا سەرۆكی یانەكە داواكاری خۆی ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار كرد كە دەكرێت ئاوڕێكی جددی لە یاریگە و یانەی وەرزشی ڕواندز بدرێتەوە، وەرزش بەم شێوەیەی ئیستا ناكرێت و لەم شارە ناتوانین بەردەوامی بە كارەكانمان بدەین، ئێمە یەكێكین لەو یانانەی كە یاریگەی وەرزشیمان نیە، بۆیە دەبێت بە ناچاری ئێمە باجی دواكەوتنی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی یاریگە بدەین و بڕۆین بۆ ئەنجامدانی یارییەكانمان لە سۆران یاخود لە شوێنەكانی تر یارییەكانمان ئەنجام بدەین دوور لە جەماوەر و هاندەرانمان.