زاری كرمانجی- بەغداد:
بە مەبەستی چارەسەر كردنی كێشەی موچە و بودجە و كۆی شایستە داراییەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەغدا، لە دوێنێوە شاندێك لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بە سەرۆكایەتی وەزیری دارای سەردانی بەغدایان كردووە .
بە پێی ئەو زانیارییانەی بڵاو كرانەتەوە، شەوی رابردوو لەگەڵ گەیشتنی شاندنی حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، كۆبوونەوەی گرنگی لە گەڵ هەندێك لایەن ئەنجامداوە و بەرچاوروونی تەواویان پێداون و لە نێوشیاندا كۆبوونەوەیان بووە لەگەڵ سەرجەم فەراكسیۆنە كوردییەكان و هەموو ئەو زانیارییانەی پێویست بووە خراوەتە بەردەمیان و كۆ دەنگییەكی گشتی لە نێو فراكسیۆنە كوردییەكان هەیە بۆ هاوكاری كردنی شاندنی حكومەتی هەرێم تا ئەو كێشەیە چارەسەر بكرێن.
لە كاتی ئامادە كردنی ئەم هەواڵە شاندەكە لە لێژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق كۆبوونەوەیان هەیە.
نەهرۆ محەموود رواندزی لەمبارەیەوە بە زاری كرمانجی گووت ” شاندی حكومەتی هەرێم تەواوی ئەو داتا و بابەتانەی پەیوەندارن بە دارایی بۆ هەموو لایەك خستۆتەروو، بەرچاو روونی زۆرباشیان دراوەتە گشت لایەنێك”.
نەهرۆ زیاتر گووتی ” لەبەر ئەوەی رێككەوتنێكی سیاسی پێشوەختە هەیە بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان و لێكتێگەیشتن، بۆیە ئومێد هەیە كێشەكان تا راددەیەكی باش چارەسەر بكرێت و هیچ بیانوویەك نەمێنێت كە لە لایەن حكومەتی ناوەندییە بە حكومەتی هەرێم بگرن”.