زاری کرمانجی – سۆران:
بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندییەکانی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند:” دوای دوو ساڵ بەدواداچوون بۆ کێشەکانی بەڵێندەری جێبەجێکاری پڕۆژەی دروستکردنی شەقامەکانی گوندی دێڵزیان و بادلیان و چارەسەرکردنی کێشە کارگێری و داراییەکانی کۆمپانیا، هەڵگۆرد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بڕیاریدا ئەم پڕۆژەیە لە بەڵێندەر وەربگیرێتەوە و بە زووترین کات کار لەسەر قیڕتاوکردنی ئەم کۆلانانە بکرێت کە کربستۆنیان بۆ دانراوە.
هەژار حەکیم بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوندییەکانی ئیدارەی سۆران، دووپاتی کردەوە، هەر ئەمڕۆ دەستکرا بە ئامادەکردن و ڕێکخستنەوەی شەقامەکان بۆ ئەوەی بتوانرێت لە هەفتەی داهاتوو کارەکانی بەردی شکاو قیرتاوکردن دەست پێبکات. سەرەڕای ئەوەش سەرپەرشتیاری ئیدارە ڕەزامەندی دەربڕی بە ئامادەکردنی دەرخستەیەکی تەواوکاری کە تەواوی کوچەو کۆلانەکانی ئەم دوو گوندە خزمەتگوزاریان بۆ بچێت و بخرێتە واری جێبەجێکردنەوە”.