لە بۆردوومانی نەخۆشخانەی مەعمەدانی زیاتر لە 600 كەس گیانیان لە دەستدا
مەهدی محەممەد – زاری كرماجی :
درەنگانی شەوی سێشەممە 17ی تشرینی یەكەمی 2023، بە مووشەكێك نەخۆشخانەی (مەعمەدانی) لە كەرتی غەززە كرایە ئامانج و زیاتر لە 600 كەس گیانیان لە دەستدا.
دوای هێرشەكە، تەندروستیی غەززە ئاماری قوربانیانی نێو نەخۆشخانەكەی بۆ 500 كوژراو و سەدان بریندار ڕاگەیاند و ئەوەشی پشتڕاست كردەوە كە بۆردوومانەكە بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلەوە بووە.
بەڵام هێزی بەرگریی ئیسرائیل ڕەتی كردووە هێرشەكە لەلایەن ئەوانەوە ئەنجام درابێت و ڕاگەیاند نەخۆشخانەكە لەلایەن مووشەكێكی گرووپی جیهادی ئیسلامی كراوەتە ئامانج و هەمان شەو بنیامین ناتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل لە ڕاگەیاندراوێكدا لە تۆڕی ئێكس قسەیەكی تری كرد و گووتی “گرووپی چەكداری حەماس بۆردوومانی نەخۆشخانەی ئەلمعەمدانییەی كردووە.”
دوای ڕووداوەكە، مەحموود عەباس سەرۆكی فەلەستین سێ ڕۆژ ماتەمینی سەرتاسەری لە وڵاتەكەی ڕاگەیاند و كۆبوونەوەكەشی لەگەڵ جۆ بایدنی سەرۆكی ئەمریكا لە عەممانی پایتەختی ئوردن هەڵوەشاندووە.
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێكی كۆشكی سپییەوە بڵاوی كردەوە كە جۆ بایدن، سەرۆكی ئەمریكا سەردانەكەی بۆ ئوردن هەڵوەشاندەوە كە بڕیار بوو ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجامی بدات، جگە لە ئەنجامدانی كۆبوونەوەی لووتكەی چوار لایەنە كە عەبدولفەتاح سیسی سەرۆكی میسر و سەرۆكی ئەمریكا شا عەبدوڵڵای پادشای ئوردن و مەحموود عەباس سەرۆكی دەسەڵاتی فەلەستینی لە خۆ دەگرت و ڕاشگەیاند سەرۆكی ئەمریكا پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاراستەی قوربانیانی نەخۆشخانەی غەززە دەكات.
هاوكات ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆككۆماری ئێران لە تویتێكدا نووسیویەتی بڵێسەی ئاگرەكە بەم زووانە ئیسرائیل دەگرێتەوە و ڕاگەیاند “بڵێسەی ئەو بۆمبانەی ئەمەریكا و ئیسرائیل كە ئەمشەو بەسەر بریندارە ستەملێكراوەكانی نەخۆشخانەی مەعمدانی لە غەززە باری، بەم زووانە ئیسرائیل دەگرێتەوە”.
چەند خولەكێك دوای ڕەئیسی، ڕەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا لە بارەی بۆردوومانكردنی نەخۆشخانەی ناوبراو تویتێكی كرد و دەڵێ “دوایین نموونەی هێرشەكانی ئیسرائیلە كە لە هەموو بەهایەكی مرۆڤایەتی داماڵراوە” و دەشڵێت “داوا لە مرۆڤایەتی دەكەم هەنگاو بنێت بە مەبەستی وەستاندنی ئەم دڕندایەتییە بێ وێنەیەی لە غەززە هەیە”.
ئەحمەد ئەبولغەیت سكرتێری گشتیی كۆمكاری عەرەبی، بە هەمان شێوە ئیدانەی هێرشی ئیسرائیلی كرد بۆ سەر نەخۆشخانەكە و لە ڕێگەی تۆڕی كۆمەڵایەتیی ئێكس (تویتەر) وەك زۆربەی سەرۆكەكانی تر ئەویش پەیامی كۆمكاری عەرەبی بە پرسیارێك دەست پێ دەكات و دەڵێ “چ نەخۆشێكی دەروونی بە ئەنقەست بۆردوومانی نەخۆشخانەیەك دەكات كە كەسانێكی تێدان بێ بەرگریین ؟”.
دەشڵێت كە دامەزراوە عەرەبییەكان بەڵگەیان لەسەر تاوانەكانی جەنگ كۆ كردووەتەوە و تاوانباران ڕزگاریان نابێت لەو تاوانانەی ئەنجامیان داوە و داواش لە ڕۆژئاوا دەكات كە پێویستە بە زووترین كات ئەم تراژیدیا ڕابگرێت.
هەروەها حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیاندراوێكدا سەركۆنەی بۆردوومانی سەر نەخۆشخانەی مەعمەدانی دەكات و ڕاگەیاند كە جەنگ و هێرشی سەربازی چارەسەر نییە بۆ كێشەكان و داوا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات هەوڵەكانییان چڕ بكەنەوە بۆ پاراستنی خەڵكی سڤیل و بێ تاوان لە مەترسییەكان.