وەزارەتی تەندروستی كەرتی غەززە، گیان لە دەستدانی 500 كەس و بریندار بوونی سەدان كەسی دیكەی لە ئەنجامی تەقینەوەیەكی گەورە لە نەخۆشخانەیەك راگەیاند.
بەگوێرەی ئاژانسە هەواڵییە نێودەوڵەتییەكان، وەزارەتی تەندروستی كەرتی غەززە پشتڕاستیكردەوە ” تەقینەوەكە بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئیسرائیلەوە بوو”.
وەزارەتی تەندروستی غەززە ڕایگەیاند” تا ئێستا سەدان قوربانی لەژێر داروپەردوودا ماون، نووسینگەی ڕاگەیاندنی حكومەتی حەماس ئەم هێرشەی بە “تاوانی جەنگ” ناوبرد”.
لە ماوەی یازدە ڕۆژدا كە بەسەر هێرشەكانی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل و دواتر بۆردومانی ئیسرائیل تێپەڕیوە، چەندین نەخۆشخانە كە دەكەونە كەرتی غەززە بوونەتە پەناگە بۆ دانیشتوانی ئەم ناوچەیە.
لە لایەكی دیكەوە كەناڵی ئێران ئینتەرنەشناڵ بڵاوی كردۆتەوە” ئیسرائیل ڕایگەیاندووە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكانی سوپای وڵاتەكە ئاماژە بەوە دەكەن، تەقینەوەكەی نەخۆشخانەكەی غەززە پەیوەندی بە هێرشەكەی ئیسرائیلەوە نەبووە، بەڵكو بەهۆی هەڵدانی موشەكێكی شكستخواردووی حەماسەوە بووە و لیكوڵینەوەكانمان بەردەوامن”.
ئەمە لە كاتێك دایە كە چەند كاتژمێرێك دوای رووداوەكە لەسەر ئاستی جیهانی كاردانەوەی توندی لێكەوتووتەوە، لە تەواوی وڵاتانی عەرەبی و هەندێك لە وڵاتانی ئەوروپا، ئەمریكا، ئێران و توركیا هاووڵاتییان رژانە سەر شەقامەكان و داوای بە پەلە راگرتنی ئەم جەنگیان دەكرد و لە چەندین وڵاتیش هەوڵی هەڵكووتانە سەر باڵوێزخانە و كۆنسوڵگەرییە ئەمریكا، فەرانسە و ئیسرائیل درا و گرژی كەوتە نێو هاووڵاتییان و پۆلیس.
شڕۆڤەكارانی پێیانوایە ئەم رووداوە، كە لە ساتی روودانیدا بە تاوانی جەنگ هەژمار كرا ئینجا هەر لایەك كردبێتی، بۆیە دەشێ ئاراستەی شەڕەكە بەرەو قۆتاغێكی دیكەی مەترسیدارتر ببات، ئەگەر لەسەر ئاستی جیهانی نێوبژیوانی نەكرێت.
لە لای خۆشیەوە حكومەتی هەرێمی كوردستان ئیدانەی ئەم كردەوەی كرد و رایگەیاند ” هیچ كێشەیەك بە شەڕ و توندو تیژی چارەسەر نابێت و پێویستە رێگەی ئاشتی و دیالۆگ بگیردرێتەبەر”.