زاری كرمانجی- سۆران:
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کارگەیەکی دووبارە بەکارهێنانەوەی تێکەڵەی قیڕی کۆنی لە هەولێر کردەوە، کە بە پێی پێوهر و ستانداردە پێشکەوتوو و سەردەمییەکان و ژینگەپارێزی دروستکراوە و یەکەم پڕۆژەی لەم جۆرەیە لە سەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان.
رۆژی سێشەممە (17ـی تشرینی یەکەمی 2023) مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گوتەیەکدا رایگەیاند کە ئەم پڕۆژەیە، یەکێکە لەو پڕۆژانەی لە چوارچێوەی بەرنامەکانی حکومەت لەپێناو ژینگەپارێزی و چاکسازی ئابووری ئەنجام دەدرێت.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی گوتیشی، ئەمە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستانە بە ژینگەپارێزی، چونکە تا ئێستا قیڕی کۆنی هەڵکەنراو، تێکەڵ بە ژینگە دەکرا، بەڵام لە ئهمڕۆ بەدواوە پێویستە قیڕی هەڵکەندراو کۆبکرێتەوە و تێکەڵ بە ژینگە نەکرێت بەڵکو لەڕێگەی پڕۆژەی لەم جۆرەوه، قیڕی هەڵکەندراو لە سەرجەم کارگەکانی قیڕی حکومی و تایبەت، دووبارە بەکاربهێنرێتەوە و ریسایکل بکرێ و تێکەڵی ژینگە نەکرێتەوە و سەرەنجام ژینگە پیس نەکات، ئەمەش بێگومان لە رووی ئابووریشەوە سوودی دەبێت.
هەروەها سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردەوە ئەمە دەستپێکە بۆ ئەوەی بتوانین کارگەی هاوشێوە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دروست بکەین. داوا لە کەرتی تایبەت دەکەین ئەوانیش پڕۆژەی هاوشێوە دروستبکەن، تاکو زیاتر بتوانین سوود لەو کەرهستانەی پێشتر فڕێدەدران وەربگرین. حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بەرنامەی هەیە کە لە هەموو ڕوویهکەوە پەرە بە کولتووری ژینگەپارێزی بدات.
دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
بەڕێزان خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لێرەین، سەردانی ئەم کارگەیە دەکەین، کە کارگەیەکە لە چوارچێوەی بەرنامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پەرەپێدان بە ژینگەپارێزیی و چاکسازی ئابووری کە لە بەرنامەکەماندا بووە، ئەمە یەکێکە لەو پڕۆژانە کە ئێستا بە ئەنجام گەیشتووە و تەواو بووە، ئەویش کارگەی ریسایکلکردن و بەکارهێنانەوەی ئەو قیرەیە کە پێشتر بەکارهاتووە، بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین زیاتر لە رووی ژینگەپارێزییەوە خزمەتی هەرێمی کوردستان بکەین، ئەو قیرە هەڵکەندراوەی کە پێشتر فڕێدەدرا بۆ ناو زەویی و ژینگە لێرەوە جارێکی دیکە بەکاربێتەوە، لەگەڵ قیری شل بکرێتەوە کاری خزمەتگوزاری حکومەت بۆ دروستکردنی رێگاوبانەکان، کە بێگومان ئەمە لە رووی تێچوو و دەرهاویشتەی ئابووریشەوە دەتوانێت سوودمەند بێت بۆ خەڵکی کوردستان، ئەمە پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ژینگەپارێزی پیشان دەدات زیاتر لە هەموو شتێکی تر.
هەرچەندە ئەو کارگەیە رەنگە زۆر گەورە نەبێت، بەڵام ئەمە دەستپێکە بۆ ئەوەی ئێمە بتوانین کارگەی هاوشێوە لە هەموو پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دروست بکەین، هەروەها لەگەڵ ئەو کارگانەی قیری شلیش دروست دەکەن رێککەوتنێک بکرێت، داوا لە کەتی تایبەت دەکەین ئەوانیش کارگەی هاوشێوە دروستبکەن، تاکو زیاتر ئێمە بتوانین ئەو کەرستانەی پێشتر فڕێدەدران سوودیان لێوەربگرینەوە.
وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان ئێمە لە بەرنامەماندا هەیە لە هەموو روویەکەوە بتوانین خزمەتی ژینگەپارێزی بکەین، لە رووی ریسایکلکردنی ئاو و ئاوەڕۆ و زبڵ و خاشاک، کە لە چەند پارێزگای دیکەی هەرێمی کوردستان و ئیدارە سەربەخۆکان دیسان پڕۆژەمان هەیە، بۆ ئەوەی ئەو خزمەتگوزاریانە بۆ خەڵکی ئەو شار و شارۆچکانە زیاد بکەین، لە هەمانکاتدا ئێمە دەمانەوێت لە رووی دۆخی ئابووری و داراییشەوە هەوڵی ئەوە بدەین حکومەتی هەرێمی کوردستان خەرجییەکانی خۆی کەم بکاتەوە، بەم جۆرە شتانەی کە دەیکەین، داواکارین کەرتی تایبەت زیاتر یارمەتی حکومەت بدات.
هیوادارم هەمیشە سەرکەوتووبن، ئینشاڵڵا ئەم جۆرە پڕۆژانە لە شوێنەکانی تری هەرێمی کوردستان بکرێتەوە و ئێوەش هەر سەربەرز و سەرفرازبن و کوردستانیش ئینشاڵڵا رۆژ بە رۆژ ئاوەدانتر بێت.