زاری كرمانجی-سۆران
پزیشكێكی پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناوی، ئاشكرا دەكات” هەر كاتێك غودەی تەمبەڵ (سستی غودەی دەرەقی) دەستنیشانكرا پێویستە زوو چارەسەر بكرێت، بۆ ئەوەی كێشەی تەندروستی زیاتر بۆ نەخۆشەكە دروست نەكات.
د. داهات حەوێزی، پسپۆڕی نەخۆشییەكانی هەناوی و شەكرە، دەڵێت” بۆ ئەوەی نەخۆشەكە تووشی كۆمەڵێك كێشەی دیكەی تەندروستی نەبێتەوە لەكاتی دەستنیشانكردنی غودەی تەمبەڵ (سستی غودەی دەرەقی)، پێویستە زوو چارەسەر بكرێت، گەورەبوون و ئاوسانی ئەم جۆرە غودەیە لە بەشی پێشەوەی مل لەوانەیە ببێتە هۆی ناڕەحەتی و هەناسەتوندی و گران قوتدانی خواردن، جگە لەوەی لەڕووی ڕووخسارەوە ناشرین دەبێت، هەروەها چارەسەر نەكردنی لەوانەیە ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی چەوری سەرجگەر، چەوری و گیرانی بۆڕییەكانی دڵ، گرژبونی ماسوولكە و سست بوون و خاوبوونەوەی لێدانی دڵ و هەروەها بەرزبونەوەی پەستانی خوێن.
ئاشكراشی كرد” یەكێك لە هۆكارە گرنگەكانی قەڵەوی بریتییە لە غودەی تەمبەڵ، ئەگەر كەسەكە هەوڵی خۆ لاوازكردنیش بدات ناتوانێت تاكو چارەسەری غودەكەی نەكات، ئەو كەسانەی غودەی تەمبەڵیان هەیە لەوانەیە بەردەوام هەست بە ئاوساوی قاچ، ڕووخسار، سڕبوون و مێرولەكردنی پەلەكان بكەن، ئەم جۆرە غودەیە لەوانەیە ببێتە هۆی نەزۆكی لە ئافرەتان و پیاوان، ئافرەتانی سكپڕ ئەگەر چارەسەری حاڵەتەكە نەكەن ئەگەر هەیە ببێتە هۆكاری تێكچوونی ئەندامەكانی جەستە و لەدایكبونی پێشوەخت و لەبارچوون.
ئەم پزیشكە پسپۆڕە، دەشڵێت” غودەی تەمبەڵ پێویستە چارەسەر بكرێت چونكە دەبێتە هۆی هەندێك حاڵەتی درێژخایەنی وەك كەم خوێنی، قەبزی، قژهەڵوەرین، زۆر نووستن، تێكچوونی میزاج و دڵتەنگی.