وتەبێژی یەكێتی نیشتمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان ئیمزایان لەسەر كارنامەی هاوپەیمانی بەرێوەبردنی دەوڵەت كردووە بۆ پرسی پێكهێنانی حكومەتی عیراق.
سۆران جەمال تاهیر، وتەبێژی فەرمی یەكێتی بە میدیای فەرمی حزبەكەی ڕاگەیاندووە “لەناو هاوپەیمانێتیەكەدا جگە لە یەكێتی و پارتی، چوارچێوەی هەماهەنگی و هاوپەیمانی سەروەری و عەزم و بزوتنەوەی بابلیون بەشدارن”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەكردووە “یەكێتی ئامادەیە بۆ قۆناغێكی نوێی گفتوگۆ و چارەسەری كێشەكانی عیراق، لەگەڵ پارتیش واژۆمان لەسەر كارنامەی هاوپەیمانی بەرێوەبردنی دەوڵەت كردووە”.
دەربارەی پێكهاتەو ناوەڕۆكی هاوپەیمانێتییە نوێیەكە، سۆران تاهیر وتویەتی “ژمارەیەك خاڵ و داواكاری لایەنەكانی شیعە و سوننە و كوردیش تێدا جێكراوەتەوە”.
بەپێی ئەم هاوپەیمانێتییە نوێیە، ژمارەی كورسییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق دەگاتە 266 كورسی لە كۆی 329 كورسی كە یەكێتی خاوەنی 18 كورسی، پارتی 31، چوارچێوەی هەماهەنگی 130، هاوپەیمانی سەروەری 71، هاوپەیمانی عەزم 12 و بابلیونیش 4 كورسین.