شەهلا رەشید- زاری كرمانجی
گووتەبێژی وەزارەتی تەندروستی ڕەتیدەكاتەوە، گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن بۆ نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان بووبێتە پارە و نرخی بۆ داندرابێت.
دوای ئەوەی لە هەندێك پەیج و ئەكاونتەكان، بڵاو كرایەوە گوایە بۆ گواستنەوەی نەخۆش بە ئەمبوڵانس نرخ دیاری كراوەو بڕە پارەیەك لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت وەزارەتی تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەم هەواڵ و دەنگۆیانە رەت دەكاتەوە”
سەركار سورچی، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەمڕۆ سێشەممە، 17ی ئۆكتۆبەری 2023، لە راگەیەندراوێكدا ڕەتیكردەوە گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن بۆ نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان بووبێتە پارە و نرخی بۆ دانرابێت”.
ئاماژەی بەوەشدا ” لەلایەن پەیجێكی سۆشیاڵ میدیا و دوور لە ئەتەكێتی میدیایی، هەواڵێكی چەواشەكارانە بڵاو كراوەتەوە گوایە گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلی فریاكەوتن (ئەمبوڵانس) بووەتە بە پارە و نرخی بۆ دانراوە، هاووڵاتییان دڵنیا دەكەینەوە ئەم هەواڵە دوورە لە ڕاستی و گواستنەوەی نەخۆش بە ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتن لە 24 كاتژمێر بە خۆڕاییە”.
بە گوتەی سەركار سورچی، وەزارەتی تەندروستی “بە ڕێنماییەكی تایبەت ڕێگە دەگرێت لە قۆستنەوە و قۆرخكاری لە نرخی گواستنەوەی نەخۆش لەلایەن ئۆتۆمبێلەكانی فریاكەوتنی كەرتی تایبەت (ئەمبوڵانسی ئەهلی)؛ نرخەكان كەمكراوەتەوە و سنووردار كراون و یەكخراون بۆ كەمكردنەوەی بارگرانی لەسەر شانی هاووڵاتییان”.