رۆژان قیاس_زاری كرمانجی:
تا ئێستا ئیدارەی سۆران بە هەر چوار قەزاكەیەوە، هێڵی پاسی تایبەت بە گواستنەوەی هاووڵاتییان لە ناو شاردا نییە و، زاری كرمانجی بەدواداچوون بۆ هۆكاری نەبوونی دەكات و بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سۆرانیش دەڵێ:” لە بەرنامەدایە بە میكانیزمێكی تایبەت هێڵی پاسی ناوشار دابنێین”.
بارزان میر عەلی، بەڕێوەبەری گواستنەوە و گەیاندنی سۆران بە زاری كرمانجی راگەیاند” هەبوونی پاسی ناو شار یەكێكە لە پێویستییە هەرە گرنگەكان و لە بەرنامەماندایە بە زووترین كات بە میكانزمێكی تایبەت هێڵی پاسی ناوشار دابنێین”.
بەڕێوەبەری گواستنەوەو گەیاندنی سۆران، ئاماژەی بەوەشكرد” لە ئێستادا كار لەسەر رێكخستنەوەی تاكسییەكانی ناو شار دەكەین، چونكە بێسەروبەرییەكی ئێجگار زۆر هەیە لە ناو تاكسییەكان، بە سەرپەرشتی ئیدارەی سۆران هێڵی ناوخۆی تاكسییەكان بە میكانیزم دەكرێت و دوای ئەوەش كار لەسەر هێڵی پاس دەكەین”.