” هەزار و 97 كەس بە تۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان سزادراون كە 74یان لە ڕەگەزی مێن”
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتی، ئاشكرای دەكات یەك لەسەر پێنجی سزادراوانەی ناو چاكسازییەكان، ئەوانن كە پەیوەندییان بە ماددەی هۆشبەرەوە هەیە و ڕێژەكە بە مەترسیدار ناو دەبات .
كوێستان محەممەد، وەزیری كارو كاروباری كۆمەڵایەتیی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەكاتی بەشداریكردنی لە پانێڵێكی (كۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان)، دواین ئاماری سزادراوانی ماددەی هۆشبەر دەخاتە ڕوو و دەڵێ “بە گوێرەی دوایین ئاماری بەردەست، پێنج هەزار و 283 كەس لەلای ئێمە سزادراون، لەم ژمارەیەدا هەزار و 97 كەس بە تۆمەتی بەكارهێنان و بازرگانیكردن بە ماددە هۆشبەرەكان سزادراون كە 74یان لە ڕەگەزی مێ و هەزار و 23 كەسی دیكەشیان لە ڕەگەزی نێرن. لەمانەش 480یان بازرگان و 617ی دیكەشیان بەكاربەری ماددەی هۆشبەرن”.
كوێستان محەممەد، چاكسازییەكانی كابینەی نۆیەم لەناو چاكسازییەكاندا بە شۆڕشێك ناو دەبات دژ بە گەندەڵی و ڕاگەیاند، “ئەو چاكسازییانەی لە ماوەی ئەم كابینەیەدا لەناو چاكسازییەكاندا كردوومانە، دەتوانین بە شۆڕشێك بەسەر گەندەڵی لەناو چاكسازییەكاندا ناوی ببەین، هەر لە گۆڕینی كۆمەڵێك بەرپرسەوە، لە ڕیزبەندی كردنی سزادراوەكانەوە و لە دابینكردنی پێداویستییەكانیانەوە.”
لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا، كوێستان محەممەد لە بارەی مامەڵەكردن لەگەڵ سزادراوانی ماددە هۆشبەرەكانەوە گوتی “لەناو چاكسازییەكاندا مامەڵە لەگەڵ سزادراوانی ماددە هۆشبەرەكان دەكەین، هەوڵ دەدەین چۆن شیاندنەوەیان بۆ بكەین، چۆن بتوانین ڕایانهێنینەوە بۆ ناو كۆمەڵگە و چۆن لە ماددەی هۆشبەر ڕزگاریان بكەین. ئەمە ئەركێكی یەكجار قورسە بۆ چاكسازییەكانی ئێمە لە كاتێكدا زۆر جار ئاستەنگ لەنێو چاكسازییەكان دێنە بەردەممان، لەوانەش بچووكی قەبارەی چاكسازییەكان.”