زاری كرمانجی -سۆران:
بڕیاری سزادانی تۆمەتباری كەیسی هەردوو مامۆستاكەی زانكۆی سەڵاحەدین، لەلایەن دەستەی گشتیی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان، بە زۆرینەی دەنگ پەسند كراو و بڕیاری كۆتایی بۆ بكوژی دوو مامۆستاكەی زانكۆی سەڵاحەدین دەرچوو
لە 22ـی حوزەیران لەلایەن دادگای هەولێرەوە، سزای سێدارە بۆ بكوژی دوو مامۆستاكەی زانكۆی سەڵاحەدین دەرچوو، ئەوەش دوای گوێگرتن لە گوتەی كەسوكاری كوژراو و بكوژ و شایەتەكانی رووداوەكە، دواتر بەهۆی تانەی كەسوكاری كوژراو، كەیسەكە ئاراستەی دەستەی گشتی پێداچوونەوەی دادگای هەرێمی كوردستان كرا.
برزۆ سەعید پارێزەری كەیسەكە رایگەیاند، بڕیاری سزادانی تۆمەتباری كەیسی هەردوو شەهیدی زانكۆی سەڵاحەدین، لەلایەن دەستەی گشتیی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان، بەزۆرینەی دەنگ پەسند كرا.
ڕۆژی پێنجشەم 22ـی حوزەیرانی ئەمساڵ، دادگایی تری كەیسی بكوژی دوو مامۆستاكەی هەولێر هەبوو، دادگای هەولێر سزای دووجار لە سێدارە بۆ بكوژی دوو مامۆستاكەی زانكۆی سەڵاحەدین دەركرد.
لە 28ی حوزەیرانی 2022، قوتابییەكی زانكۆی سەڵاحەدین هەڵیكوتایە سەر ئۆفیسی پرۆفیسۆر د. كاوان ئیسماعیل ڕاگری كۆلێژی یاسا و ماڵی پ. ی. د. ئیدریس حەمەخان مامۆستا لە كۆلیژی ئەندازیاری زانكۆی سەڵاحەدین، لە ئەنجامدا هەردووكیانی كوشت.
پێشتر بنەماڵەی دوو مامۆستا كوژراوەكە لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایان گەیاند: خوێن بە خوێن تۆڵە دەكەینەوە، چونكە بڕیار لەسەر كەیسەكە نەدراوە و هەوڵی دەستوەردانی دەرەكی دەدرێ.