نووسینگەی سلێمانی بەرەنگاربونەوەی تاوانە رێكخراوەكان رایگەیاند، لە رێگای دەستەیەكی تایبەتی سەر بە نووسینگەكەیانەوە توانیویانە سێ تۆمەتبار، كە دوانیان ئەندامن لە باندێكی گەورەی بازرگانیكردن بە ئەندامی لەشی مرۆڤ بە تایبەت “گورچیلە” لە پارێزگای سلێمانی دەستگیربكەن.
نووسینگەكه لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە: “لە چوارچێوەی بەدواداچوون و لێكۆڵینەوەكانیان بۆ بەرەنگاربونەوەی بازرگانیكردن بە مرۆڤ، بەتایبەت بازرگانیكردن بە ئەندامی لەشی مرۆڤ (گورچیلە) دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە و دیاریكردنی شوێنی تۆمەتباران، دەستەی تایبەتی نووسینگەكەیان توانیان سێ تۆمەتباری داواكراو لە كاتی ئەنجامدانی تاوانەكەدا دەستگیربكەن”.
باسی لهوهشكردووه: “لە ئێستادا بە بڕیاری دادوەری لێكۆڵینەوە ئەو سێ كەسە راگیراون و بەپێی ماددەی پێنج لە یاسای بەرەنگاربونەوەی بازگانیكرد بە مرۆڤ ژمارە 28ی ساڵی 2012، گەڕان و لێكۆڵینەوە بە دوای تۆمەتبارانی دیكەی ئەندام لەم باندەدا بەردەوامن”.