مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی:
ئافرەتێك لەلایەن باوك و هاوسەر و خەزووری بە شێوەیەكی هۆڤانە دەكوژرێت.
ڕۆژی یەكشەممە 14ی تشرینی یەكەمی 2023، تروسكە عەبدوڵڵا زادە ی تەمەن 21 ساڵەی دانیشتووی پیرانشاری ڕۆژهەڵاتی كوردستان، لەلایەن باوكیی و هاوسەرەكەی و خەزووری بە شێوەیەكی هۆڤانە ئەشكەنجە دەكرێت و دواتریش بە دارێكەوە هەڵیانواسیوە تاكوو گیانی دەرچووە.
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو لە ڕاپۆرتێكدا بڵاوی كردەوە كە تروسكە بە زۆرەملێ لە تەمەنی 13 ساڵیدا ژیانی هاوبەشی لەگەڵ ئامۆزایەكی خۆی پێكهێناوەو دواتریش بە بیانووی پاساوی شەرەف لەلایەن باوكی و هاوسەر و مامی كە دەكاتە خەزووریشی دەكوژرێت .
باوكی دانی بەوە داناوە كە لەگەڵ برا و برازاكەی خۆی تروسكەیان كوشتووە و بەرپرسیارێتییەكەشی قبووڵ كردووە.
تروسكە دایكی دوو منداڵی تەمەن 8 و 5 ساڵانە و 15 ەمین قوربانی پاراستنی شەرەفە لەم ساڵەدا.
بەپێی ئاماری مافەكانی مرۆڤی كوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە ١٥ ژن و منداڵانى كچ لە شارە جیاوازەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە دەستی پیاوانی بنەماڵەكانيانهوه كوژراون.