زاری كرمانجی – سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار لە ڕۆژی جیهانی گەشتوگوزار ڕایگەیاند، بەراورد بە 9 ساڵی ڕابردوو هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان 700% زیادی کردووە.
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: له هەنگاوێكی گرنگدا له ساڵی 1980 ڕێکخراوی گەشتوگوزاری جیهانی له نەتەوەیەکگرتووەکان ڕۆژی 27ـی 09 وهک ڕۆژی جیهانی گەشتیاری له جیهان دهستنیشانكرد، ئێمەش وەک دەستەی گشتیی گەشتوگوزار ساڵانە ئەم ڕۆژە پیرۆز دەکەین.
ڕاشیگەیاند: وەک چۆن لە سەرەتای دەستبەکاربوونمان لە هەوڵی بەرەوپێشبردنی ئەم کەرتەدا بووین، ئێستاش دەستەی گشتی گەشتوگوزار بە پشتیوانی سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەکانی حکوومەتی هەرێم هەماهەنگن بۆ برەودان بەم کەرتە لە هەموو ڕوویەکەوە.
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوە داوە کە بەراورد بە 9 ساڵی ڕابردوو ڕێژەی هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان 700% زیادی کردووە، ئەمەش سەرباری ئەو ئاڵنگارییانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوو دەدەن، بەڵام توانیومانە بە شەونخوونی و هەوڵ و ماندووبوونی هەموو لایەک بەربەستەکان تا ڕادەیەک بشکێنین و ڕێژەی گەشتیاران ساڵانە بەرز بکەینەوە.