د.سانع شەریف
مامۆستا لە فاكەلتی یاسا و زانسیە سیاسییەكان و بەرێوەبردن
بەپێی یەكێك لە توێژینەوەكانمان، شانزدەی ئۆكتۆبەر خراپترین ڕووداوی خیانەتی نیشتمانی و نەتەوەیی بوو لەمێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد دا. لە ناخۆشترین دەرەنجامەكانی ئەم ڕووداوە لەباربردنی پرۆسەی سەربەخۆیی كورد بوو. ڕووداوی هاوشیوەی ئەم خیانەتە زۆر كەم،ە چونكە تێیدا ئاسەواری نەرێنی بەدوای خۆیدا هێنا كە تائێستاش بەردەوامە، تەنانەت مەترسی لەسەر دەستكەوتەكانی كوردیش لە بەغدا دروست كردووە. ئەم ڕووداوە ڕێگەی خۆش كرد بۆ دەستەڵاتدارانی عێراق كە لەوكاتەوە بەشێوازی جیا جیا پێگەی سیاسی كورد كە گەیشتبووە ئاستێكی هەرەباڵا لە ئاستی نێودەوڵەتی و ناوچەیی بچووك بكەنەوە.
دۆخی مافەكانی مرۆڤ یەكێكە لەو ئالنگارییانەی بە روونی تائێستاش لە كەركووك لە مەترسیدایە، ڕموزە نەتەوەییەكان و كەلتورییەكان لەلایە میلیشا چەكدارەكانەوە بەتەواوی پێشلكراون، دۆخی بێكاری لەسەر بنەمای جیاكاری بە تەواوی باڵی بەسەر خەڵكی كەركوكەوە كێشاوە كە كورد زەرەرمەندی یەكەمە، هەرچی ئاسایشی شارەكەیە جێگیر نییە تا ئێستاش لەجیاتی پۆلیسی دەوڵەت میلیشاكان لەوێ بوونیان هەیە، واتە دۆخی سەربازی تەواو زاڵە بەسەر لایەنی ئیداری و مەدەنی شارەكە. جگە لەوەش تا ئێستا هەڕەشە لەسەر زەوییە كشتوكالییەكانی كورد لەو شارەدا، هەیە. ئەمە لە كاتێكدایە حكوومەتی خۆجێیی كەركوك لەدوای ئەم ڕووداوەوە تائێستاش نایاساییە، لایەنێكی تری دۆخی كەركووك دوای ڕووداوی شانزدەی ئۆكتۆبەر بریتییە لەو كێشمەكێشمەیە كە دەستەڵاتدارانی عێراق بە هەرێمی كوردستان دەیكات، لەوانە ڕاگرتنی نەوت و نەناردنی بودجەو مووچەی مووچەخۆران وێڕای ئەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەم ڕووەوە لەسەنگەری بەرگریدایە، بەڵام كاریگەری ڕووداوەكەی بەسەرەوە هەیە، جگەلەوەش لەدەستدانی نیوەی خاكی كورد كە بەقەد نیوەی دەوڵەتێكی وەكو لوبنانە دەرنجامێكی تری ئەم ڕووداوە بوو، بەپێی ئەم توێژینەوەیەم، ڕوونە كە ئەم ڕووداوەی شانزدەی تۆكتۆبەر هۆكاری سەرەكی ئەم دۆخە ناڵەبارەیە كە لە هەرێمی كوردستان بەگشتی و ناوچە كێشە لەسەرەكان بەتایبەتی بەردەوامە، وێرای ئەوەی كە حكوومەتی هەرێم لەسەر هێلە بۆ ڕاستكردنەوەی دۆخەكە.