د. ئازا – زاری كرمانجی:
سدقی محموود بەگ، سەرۆكی یانەی وەرزشی سۆران بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند: كاپتن وەلید مرۆڤێكی زۆر چاك و خۆشەویستە، بەڵام ئەوەی ئێمە لێی تێگەیشتووین و تێبینیمان كرد لەم چەند ڕۆژەی دوایی، ئەو ڕاهێنەرە لەبەر هەندێ هۆكاری تایبەتی خۆی و بوونی بە قوتابی خوێندنی باڵا- دبلۆم لە بەشی كیمیا لە زانكۆی سلێمانی ناتوانێت لە گەڵمان بەردەوام بێت.
سەرۆكی یانە، گوتیشی: ئێمە ئەوەی لەسەر شانمان بوو ئامادەمان كرد بۆ ڕاهێنەر شوێنی خەوتن و خۆراك و هەموو پێداویستییەكان، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانی بوو بۆ ئێمە بە بێ ئاگاداری یانە ئەو ڕاهێنەرە چەندین جارە ئەركی مەشق و ڕاهێنانی تیپی تۆپی پێ ی یانەكەمان جێ دەهێڵێت كە ئەمەش كارێكی ڕاست نیە.
لە كۆتاییدا سەرۆكی یانەی وەرزشی سۆران سوپاسی یاریدەدەرانی ڕاهێنەری كرد هەردوو كاپتن “ كۆڤان و نیهاد” كە لە یەكەم ڕۆژی ڕاهێنانەكان بەبێ وەستان و هەست كردن بە ماندووبوون ئەركەكانیان بەڕێوەبردووە، گەشبینین كە دەبینین لە دەڤەرەكەمان كەسانی بە ئەزموون و شارەزا هەن كە كارەكان ڕابپەڕێنن و سەركردایەتی تیپەكەمان بكەن، بۆیە جەماوەری یانەكەمان دڵنیا دەكەینەوە كە تیپی تۆپی پێی یانەكەمان بە باشترین شێوە ئامادەیە بۆ بەشداری كردن لە خولی نایابی كوردستان.