زاری كرمانجی – سۆران :
سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم، داواكارە بە زوویی گۆڕانكاری لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان بكرێت و سزای لەسێدارەدان بەسەر بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بسەپێنرێت.
عەبدولجەبار عەزیز، سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان، ئاشكرای دەكات كە لە ئێستادا ماددەی هۆشبەر لە مەترسی چووەتە دەرەوە و بووەتە هەڕەشە لەسەر هەرێمی كوردستان و عێراق.
سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێمی كوردستان، لە چوارچێوەی كۆنفرانسی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان كە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت، بەشداری لە پانێڵی”ڕۆڵی لایەنە پەیوەندیدارەكان لە رووبەڕووبوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان” كرد و بە ڕاشكاوی باسی لە مەترسییەكانی ماددە هۆشبەرەكان كرد لەسەر هەرێمی كوردستان و گوتی: “دەتوانم بڵێم ماددەی هۆشبەر لەوە دەرچوو كە تەنیا مەترسی بێت، بەڵكوو بووەتە هێرش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و عێراق بە گشتی، ئێستا حكومەت و خەڵكی هەرێمی كوردستان بە گرنگییەوە لەو بابەتە دەڕوانن و ئیرادەیەكی بەهێز هەیە بۆ نەهێشتنی یان كەمكردنەوەی ماددەی هۆشبەر، بۆیە ئەو كۆنفرانسە گرنگە بۆ كۆمەڵگە، دەبێت هەموومان هاوكاریین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان.”
سەرۆكی ئەنجوومەنی دادوەریی هەرێم داواكارە بە زوویی گۆڕانكاری لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان بكرێت و پێی وایە ئەو سزایانەی دیاركراوە نەبووەتە هۆكارێك بۆ ترساندنی بازرگانانی ماددەی هۆشبەر و داواكارە سزای لە سێدارەدانیان بەسەردا بسەپێنرێت و دەڵێ “تا ساڵی 2020 لە هەرێمی كوردستان یاسای ژمارە 68ی ساڵی 1965 بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان جێبەجێ دەكرا، دواتر لە پەرلەمانی كوردستان هەموار كرایەوە، كە جیاوازییەكی وای نییە لەگەڵ یاسای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكانی عێراق كە ساڵی 2017 هەموار كراوەتەوە، بەراورد بە یاسای پێشتر وا كراوە سزاكان سووك بكرێن و سزای پێ بژاردن (غرامە) زیاد بكرێت، لەو كات بەدواوە بەكارهێنان و بازرگانی كردن بە ماددە هۆشبەرەكان زیاتر بووە، بەكارهێنەر و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر لەو سزایانە ناترسن، بۆیە بە باشی دەزانم گۆڕانكاری لەو یاسایەدا بكرێت، لەگەڵ ئەوەشدا سزا بە تەنیا چارەسەر نییە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، پێویستە بەپێی یاسا سزای بەكارهێنەری ماددەی هۆشبەر لە پێنج ساڵ زیندانی كەمتر نەبێت و بۆ بازرگانەكانیش پێویستە سزاكە زیندانی هەتاهەتایی و لەسێدارەدان بێت.”