شەهلا رەشید- چۆمان
بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان، ئەوە دەخاتەڕوو: ” لەمیانەی سەردانیكردنی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران و قایمقامی چۆمان بۆ بنكە تەندروستییەكانی ناحیەی سمیلان ئەنجامێكی باشی هەبوو، هەروەها بەڵێنی ئەوەی پێداوین كە گرنگییەكی زۆر بە ڕەوشی تەندروستی سنووری چۆمان بدرێت.
د. ئەحمەد حەسەن، بەڕێوەبەری تەندروستی چۆمان، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند” دوای سەردانی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران بۆ قەزای چۆمان و بنكە تەندروستییەكانی ناحیەی سمیلان، كە لە نزیكەوە ئاگاداری كەموكورتییەكان بوو، بەڵێنی ئەوەی دا زیاتر گرنگی بە ڕەوشی تەندروستی چۆمان بدات و ئەو بنكانەی پێویستییان بە نۆژەنكردنەوە هەیە نۆژەنیان بكاتەوە، هەروەها لەگەڵ دابینكردنی ئامێر و ئەو كەل و پەلانەی كە پێویستن”.
ئەوەشی خستەڕوو” سەردانی بنكەی تەندروستی گەزنێمان كرد، كە بینایەكی نوێی بۆ دروستكراوە هەر لەناو گوندی گەزنە، ئەویش لە قوناغەكانی تەواوبووندایە و دەتوانین بڵێین 90% تەواو بووە و بەم نزیكانە دەكەوێتە خزمەت هاووڵاتییان، هەروەها پێش ئەوەی بنكەكە تەواو ببێت داوامان لە بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران كردووە لیژنەیەك سەردانی بكات و دەرخستەی بۆ بكات بۆ دابینكردنی ئەو كەل و پەلانەی كە پێویستن، لەم هەفتەیەدا لیژنەكە سەردانی دەكات بۆ ئەم دەرخستەیە.