زاری کرمانجی:
ئەمڕۆ یەکشەممە، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کۆنفرانسی ”بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان” لە هەولێر بەڕێوە چوو. سەرۆکی حکوومەت لە کۆنفرانسەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: یەکێک لە شێوازە مەترسیدارەکانی لاوازکردنی هەرێمی کوردستان ماددە هۆشبەرەکانە و حکوومەت زۆر بەڕژدی و بە بەرفراوانی کار لەسەر قەڵاچۆکردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڕەشە مەترسیدارە دەکات.
ئەمەش دەقی وتاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
ئامادەبوانی بەڕێز ڕۆژتان باش
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لە کۆنفرانسی (بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان) ئامادەم، دەستخۆشی لە ڕێکخەرانی ئەم کۆنفرانسە دەکەم کە تایبەتە بە یەکێک لە مەترسیدارترین دیاردەکانی ئەم سەردەمە.
بەپێی ئامارەکانی بەردەست، بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان لە هەرێمی کوردستان لە بەرزبوونەوە دایە و ئەمەش زەنگی مەترسییە بۆ کۆمەڵگەکەمان. حکوومەتی هەرێمی کوردستان زۆر بەڕژدی و بە بەرفراوانی کار لەسەر قەڵاچۆکردن و بەرەنگاربوونەوەی ئەم هەڕەشە مەترسیدارە دەکات و هەموو هەوڵێک دەخاتە کار بۆ ئەوەی ڕێگە لە تەشەنەکردن و بڵاوبوونەوەی زیاتری بگرێت.
لەم چوارچێوەیەدا لە ساڵی 2020 یاسای ژمارە (1)ی بەرەنگاربوونەوەی (ماددە هۆشبەر و کارتێکەرە عەقڵییەکان لە هەرێمی کوردستان) پەسەند کرا کە دەبێت هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی هەرێم هەماهەنگ و هاوکار بن بۆ جێبەجێکردنی ئەم یاسایە.
بەڕێزان
کێشەی ماددە هۆشبەرەکان و بەرەنگاربوونەوەیان پرسێکی جیهانییە و زۆر لە کۆمەڵگەکان پێیەوە گیرۆدە بوون. بەداخەوە عێراق و هەرێمی کوردستانیش لە هەڕەشە و مەترسییەکانی بەدەر نین. بێگومان ماددەی هۆشبەر هەر تەنیا زەرەر و زیانی تەندروستی بە کەسی بەکارهێنەر ناگەیەنێت، بەڵکوو زیانی کۆمەڵایەتی، ئابووری، ئەمنی و دارایی لە گشت کایەکانی کۆمەڵگە دەدات و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ لاوازکردنی سەرمایەی مرۆیی.
هەرێمی کوردستان بە شێوەی جۆراوجۆر دژایەتی دەکرێت و هەوڵی لاوازکردنی دەدرێت کە یەکێک لە شێوازە مەترسیدارەکان ماددە هۆشبەرەکانن و یەکێکە لەو چەکانەی کە بە شارەزا و ئاشکرا بۆ مەبەستی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگەکەمان و لەباربردنی توانا و تەندروستیی گەنجەکانمان بەکار دەهێندرێت، بۆیە دەبێت بە توندترین شێوە بەرەنگاری ئەم هەڕەشەیە ببینەوە، چونکە هەڕەشە و مەترسییەکانی ماددەی هۆشبەر هیچی لە تیرۆر کەمتر نییە.
مافیاکان و بازرگانە تاوانبارەکان، هەرێمیان کردووەتە بەشێک لە پیلانە نەگریسەکانیان، هەوڵ دەدەن و کار دەکەن بۆ ئەوەی سوود لە هەڵکەوتەی جوگرافیی هەرێمی کوردستان وەربگرن وەک دەروازەیەک بۆ تێپەڕاندنی ماددە هۆشبەرەکان بۆ شوێنەکانی تر. بۆ ئەم مەبەستەش ڕێگە و شێوازی جۆراوجۆر دەگرنە بەر بۆ بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان. ئەمەش هۆکارێکە بۆ ئەوەی لە هەرێمەکەمان ژمارەی ئاڵوودەبوان لە هەڵکشاندا بێت.
بۆیە پێویستە دامودەزگا پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێم بە هەموو هێز و هەوڵ و تواناکانیان، بەردەوام بن لە ئەرکی پیرۆزی خۆیان و بە توندترین شێوە ڕووبەڕووی ئەو بازرگانە تاوانبارانە ببنەوە و نەهێڵن نیاز و پیلانە مەترسیدارەکانیان سەر بگرێت.
پێویستە لێرەدا ئاماژە بەوە بدەین کە بەهۆی بوونی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە جێناکۆکەکان و ناوچەکانی ماددەی 140، واتە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، هەروەها لە ناوچە سنوورییەکانی هەرێم لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر، هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان لەو ناوچانە هۆکاری ناسەقامگیرین و ڕێگرییش دەکەن لەوەی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان ببنەوە، بگرە بەداخەوە کە هەندێک لەو گرووپە چەکدارانە خۆیان بەشێکن لە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان.
هەرچەندە لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەموو هەوڵێکیان چڕ کردووەتەوە بۆ دەستگیرکردنی بازرگانانی ماددە هۆشبەرەکان، کە لێرەدا بە گەرمی دەستخۆشییان لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنیان لەم ئەرکە پیرۆزەدا بۆ دەخوازم، هەموو پشتیوانییەکی خۆم و حکوومەتی هەرێمی کوردستانیان بۆ دووپات دەکەمەوە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە هاوکاریی هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی کوردستان، بە هاوکاریی وڵاتانی هاوسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، کار بکەن لەپێناو ئەوەی سەرچاوەکانی ئەو پەتایە وشک بکرێت، چونکە ئەمە پێویستی بە هاوکاری و هەماهەنگیی هەموو لایەنەکان هەیە.
ئێمە لە حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکانمان پێک هێناوە کە ژمارەیەک وەزارەت و دامودەزگای پەیوەندیداری تێدایە. لە هەمان کاتدا سندووقێکیش بۆ پەرەپێدان و شیاندن و چارەسەری تووشبوان و ئاڵوودەبوانی ماددەی هۆشبەر دروست کراوە. لە لایەکی دیکەوە، لە پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ، بەشێک تایبەت کراوە بەو ڕاسپاردە نێودەوڵەتییانەی پەیوەستن بە بەرەنگاربوونەوەی (ماددە هۆشبەرەکان و کارتێکەرە عەقڵییەکان). بەستنی ئەم کۆنفرانسەش بەشێکە لە هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ڕاسپاردەکانی ئەم پلانە بە ئامانجی گرتنەبەری نەخشەڕێگایەک و خێراکردنی بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئاڵنگاری و تەحەدیاتانەی کە ڕووبەڕووی هەرێم دەبنەوە لە ڕێگەی دانانی میکانیزمی گونجاو بۆ جێبەجێکردنی یاسا بەرکارەکان.
حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری کردووە بۆ شیاندنەوە و گەڕاندنەوەی ئەو کەسانەی تووشی بەکارهێنانی ماددەی هۆشبەر بوون بۆ نێو کۆمەڵگە، بۆ ئەم مەبەستە هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دروستکردنی سەنتەری شیاندنەوەی ئاڵوودەبوان و تووشبوان و دووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو کۆمەڵگە، داواش لە کەرتی تایبەت دەکەین، هاوکار و یارمەتیدەری حکوومەت بن لە هەوڵەکانی بۆ هاوکاریکردنی ئاڵوودەبوان بۆ چارەسەر و دووبارە شیاندنەوەیان.
بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان تەنیا ئەرکی حکوومەت نییە، بەڵکوو ئەرکی هاوبەشی هەموو لایەکمانە، لەم ڕووەوەوە داوا لە دایک و باوکان، ناوەندی پەروەردەیی و ئاکادیمی و ڕۆشنبیرییەکانمان، مامۆستایانی بەڕێزی ئایینی، دەزگاکانی ڕاگەیاندن، کەسایەتییە کاریگەرەکانی ناو سۆشیالمیدیا و هەموو هاونیشتمانیان و خەمخۆرانی ئەم وڵاتە دەکەم، هاوکار و یارمەتیدەری حکوومەت بن و هەریەکێک لە پێگەی خۆیەوە کار بۆ هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بەتایبەتی گەنجەکانمان بکات و لە مەترسییە کوشندەکانی ئەم پەتایە ئاگاداریان بکاتەوە. پێویستە هەڵمەتێکی چڕ و بەرفراوان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی ماددە هۆشبەرەکان دەست پێ بکەین، ئەمەش پێویستی بە هەنگاوی خێرا و دڵسۆزانە و هەماهەنگی و کاری هاوبەش و پێکەوەیی هەموومان هەیە.
لێرەدا دەمەوێ دووبارە جەخت لەوە بکەمەوە کە پێویستە ئێمە جیاوازی بکەین لە نێوان مافیا و بازرگانەکانی ماددە هۆشبەرەکان لە لایەک و ئەو کەسانەی کە دەبنە قوربانی و ئاڵوودەی ماددە هۆشبەرەکان دەکرێن لە لایەکی ترەوە. ئەوانەی بە هەر هۆکارێک تووشی ئەم بەڵایە دەبن، پێویستە هاوکار و یارمەتیدەریان بین بۆ چارەسەرکردنیان و دوورخستنەوەیان لەم ڕێگە مەترسیدارە. ئەمەش لە ڕێگەی کردنەوەی سەنتەری شیاندنەوە و چارەسەری ئاڵوودەبوان و تووشبوان. بەڵام لە هەمان کاتدا دووپاتی دەکەمەوە کە نابێت بە هیچ شێوەیەک، هیچ کەمتەرخەمییەک لە بەسزاگەیاندنی تاوانباران و بازرگانانی ماددەی هۆشبەر بکرێت و دەبێت بە توندترین شێواز ڕووبەڕوویان ببینەوە.
جێی ئاماژەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نیودەوڵەتییش پێویستیی بە هاوکاری و پشتیوانی هەیە، بەتایبەتی ڕاوێژ و هاوکاریی لۆجستیی ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکان، پێشنیاز دەکەم ستراتیژێکی گشتگیر و هاوبەش هەبێت بۆ هاوکاریکردن و هەماهەنگیکردن لەگەڵ حکوومەتی هەرێم لەم ڕووەوە.
لە ماوەی ڕابردووشدا ڕێوشوێنەکانی هەماهەنگیی حکوومەتمان لەگەڵ لایەنە نێودەوڵەتییەکان چڕتر کردووەتەوە، بەتایبەتی لەگەڵ نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە ڕووبەڕووبوونەوەی تاوانی ڕێکخراو و ماددە هۆشبەرەکان و بازرگانیکردن بە مرۆڤ. هەروەها پێویستە لە ڕووی یاساییشەوە هاوکاریی حکوومەت بکرێت بۆ پەرەپێدانی توانای دادوەر و لێکۆڵەرانی هەرێمی کوردستان لە بابەتی مامەڵەکردن لەگەڵ بازرگانان و ئاڵوودەبوانی ماددە هۆشبەرەکان، هەروەها سوودوەرگرتن لە ئەزموونی ڕێکخراوەکان و وڵاتان، بەتایبەتی ئەوانەی شارەزاییان لەم بوارەدا هەیە. بۆ ئەوەی بە هەوڵی هەموو لایەکمان بتوانین مەترسی و کاریگەرییەکانی لەسەر کۆمەڵگەکەمان کەم بکەینەوە.
هیوادارین ئەم کۆنفرانسە هاندەرێک بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی زیاتری ماددە هۆشبەرەکان لەسەر هەموو ئاستەکان، هەروەها هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ مافەکانی مرۆڤ پتەوتر بکات بۆ ئەوەی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەکان خێراتر بکرێن لەپێناو پاراستنی کۆمەڵگەکەمان لەم دیاردە ترسناکە.
ئیتر هەر شاد و سەرکەوتوو بن و کوردستانیش هەر ئاوەدان و پارێزراو بێت.
زۆر سوپاس.