موڕشید برادۆستی – زاری كرمانجی :
چەند مانگێك بەر لە ئێستا، وەزارەتی كشتووكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڵاوی كردەوە، لە رێگەی كۆمپانیایەك بە نرخی كەمتر ئامێرە كشتووكاڵییەكان دەدەنە جوتیاران، بەڵام تا ئێستا جوتیارانی سۆران هیچ ئامێر و تراكتۆرێكیان وەرنەگرتووە .
ئەندازیار حەكیم عەبدوڵلا جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتووكاڵی سۆران، بە زاری كرمانجی ڕاگەیاند:” لە سنووری بەڕێوەبەرایەتییمان ناوی ” 332 ” كەس بۆ وەرگرتنی ئامێرە كشتووكاڵییەكان بە تایبەت ” تراكتۆر ” تۆمار كراوە، بەرز كراونەتەوە وەزارەت و دراونەتە ئەو كۆمپانیایەی دیاری كراوە .
جێگری بەڕێوەبەری گشتی كشتووكاڵی سۆران، دەڵێت، دوای تەواو كردنی رێكرەكان، هەر جوتیارێك پێشتر ناوی تۆمار كرابێت و بەرز كرابێتەوە وەزارەت، دەتوانێ لەو ئامێرانە سود مەند ببێت .
گووتیشی:” جیاوازی ئەو ئامێر و تراكتۆرانە، بە نرخی كەمتر لە بازاڕ بە جوتیاران دەدرێت، هەروەها لێخۆشبوونی گومركی بۆ دەكرێت و تابلۆی بە خۆڕای پێ دەدرێت .