مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی:
لە ماوەی كەمتر لە حەوت ڕۆژ 5 كۆڵبەری كورد لەلایەن هێزە سنوورپارێزهكانى ئێران بە سەختی بریندار كراون و بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست زاری كرمانجی كەوتوون، ئێران بە چەكی تاپڕ تەقە لە كۆڵبەران دەكات، كۆڵبەران ئاماژە بەوە دەكەن ئێران بە ئەنقەست چەكی تاپڕ بەكار دەهێنێت بۆ ئەوەی بە یەك گوللە زۆرترین كۆڵبەر بریندار بكات.
بەپێی سەرچاوە هەواڵییەكانی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان، هەفتەی ڕابردوو كۆڵبەرێكی كورد بە ناوی (موحسین وەلی) خەڵكی جوانڕۆی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە ناوچەی نەوسوود سەر بە شاری سەوڵاوا لە لایەن هێزە سنوور پارێزەكانی ئێران بە تاپڕ تەقەی لێ كراوە و بە سەختی بریندار كراوە و شوێنەواری چەندین چاچمە لەسەر پشتی بە دەركەوتوون، هاوكات لە ناوچەی (هەنجیران) ی مەریوانی ڕۆژهەڵات، كۆڵبەرێكی تر بە ناوی (ئومێد كەریمی) تەمەن 40 ساڵ بە هەمان شێوە بە چەكی تاپڕ بریندار كراوە، هەروەها لە سنووری هەنگە ژاڵەی بانەش سەفەر ڕۆستەمی كۆڵبەری خەڵكی سەرپێڵی زەهاو ڕاستەوخۆ لە لایەن هێزەكانی ئێران بە گوللەی تاپڕ پێكراوە و بە سەختی بریندار كراوە.
بە پشتبەستن بە ئاماری كۆڵبەر نیووز لە ماوەی 6 مانگی یەكەمی ئەمساڵ، بە گشتی 13 كۆڵبەر لە ناوچە سنوورییەكان و ڕێگاكانی نێوان پارێزگاكانی ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، كوردستان و كرماشان بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە ئەمنییەكانی ئێران شەهیدكراون و 72 كۆڵبەری تریش برینداركراون، كە بەشی زۆرییان لە گوللەی تاپڕ برینداركراون.