زاری كرمانجی – سۆران :
یەكێك لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیجییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان”هەژماری من”ە، مەبەست لەو پرۆژەیە ئاسانكردنی كاری مووچەخۆران و خزمەتكردنیانە، ئەم پرۆژەیەش وەكوو چەندان پرۆژەی تری حكومەتی هەرێمی كوردستان كەوتە بەر شاڵاوی نەیاران و بە هەڵبەستنی قسەی نابەجێ دەیانەوێت لە گەورەیی پرۆژەكە كەم بكەنەوە.
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمبارەیەوە روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە و دەڵێ “لە چەند پەیج و دەزگەیەكی میدیایی، لێدوانێكی چەواشەكارانە سەبارەت بە پڕۆژەی “هەژماری من”، بڵاو كراوەتەوە، كە ئامانج لێی لێدانە لە پڕۆژە ستراتیجییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی دارایی و ئابووری.”
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی دڵنایی دەداتە فەرمانبەران و مووچەخۆران و دەڵێ “ئێمە سەرجەم فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دڵنیا دەكەینەوە، كە سەرلەبەری ئەو لێدوانانە دوورن لە راستییەوە، فەرمانبەر و مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان بڕیاردەر و خاوەن دەسەڵاتی تەواون لە خەرجكردنی مووچەكەیان و هەر بڕە پارەیەك كە دەچێتە سەر هەژمارە بانكییەكەیان.”